Abdullah Shukur
19 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2016
ئیستانبوڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف: "سنوورەكانی ئەو جوگرافیایە ناگۆڕێت و سیاسەتی ئێمەش ھەمیشە رێزگرتنە لە یەكپارچەیی خاكی وڵاتان. بەتایبەتی دژی ھەر ھەوڵێكین كە یەكپارچەیی خاكی سووریا و عێراق تێكدەدات".
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف و، وەزیری دەرەوەی توركیا مەولوود چاوشئۆغڵو لە دوای كۆبوونەوەیەكی دووقووڵی لە كۆشكی چراغان، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان رێكخست.
جەواد زەریف رایگەیاند كە ھەرچەندە بۆچوونی جیاواز ھەیە بەڵام لەسەر بابەتە سەرەكییەكان هاوڕابوون و گوتی: "پێویستە یەكپارچەیی گشت وڵاتان بەتایبەتی عێراق و سووریا بخرێتە ژێر گەرەنتییەوە، ھاوكات كۆتایی بە پێكدادانەكانی ناوخۆیی بھێنرێت".
محەمەد جەواد زەریف لە وەڵامی پرسیارێكی پەیوەندیدار بە راگەیاندنی فیدراڵی لە لایەن پەیەدە لە سووریا جەختی لە یەكپارچەیی خاكی وڵاتان كردەوە و گوتی: " سنوورەكانی ئەو جوگرافیایە ناگۆڕێت و سیاسەتی ئێمەش ھەمیشە رێزگرتنە لە یەكپارچەیی خاكی وڵاتان. بەتایبەتی دژی ھەر ھەوڵێكین كە یەكپارچەیی خاكی سووریا و عێراق تێكدەدات. ھیوادارین داھاتووی سووریا گشت گەلی سووریا، ئاین و گشت چینەكان لەخۆ بگرێت و ھەموویان ببنە خاوەنی رۆڵێك لە سووریا. ئێمە بە ئاشكرایی بۆچوونی خۆمان لەمباریەوە دەربڕیوە".