ئەنقەرە
کۆنفرانسی کورد، گفتوگۆ لەسەر مۆدێلی ئاشتی، دیموکراسی و چارەسەر دەکات لەلایەن مەڵبەندی لێکۆڵینەوەی ئاشتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست IMPR لەڕۆژانی ٩ و ١٠ی تشرینی دووەم لەشاری ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
لەرۆژی دووەم کە کۆتایی کۆنفرانسەکە بوو ٢٤ کەس باسیان لەسەر دۆزینەوەی مۆدێلی ئاشتی پرسی کورد لە داھاتووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرد.
بەکۆی دەنگ داوای پێدانەوەی سەرجەم مافە ڕەواکانی کورد کرا لەو وڵاتانەی کوردی تێدایە.
بەرزان عیسۆ، ڕۆژنامەوانی کوردی سوریا باسی ڕەوشی کوردانی رۆژئاواو و پەیوەندییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کرد.
ھەروەھا ئاماژەی بەدیواری نێوان تورکیاو سوریا کرد کە ئێستا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دروست دەکرێ، عیسۆ ئەو دیوارە بە "دابڕینی کوردانی تورکیاو سوریا" ناو برد، بەڵام کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن ئەوە دیوارێکی بەرز نابێ بەڵکو بۆ تەلبەندکردنی سنوورەکەیە.
عیسۆ گوتی لەبارەی سیاسەتی حکومەتی سوریا بەرامبەر کوردانی ئەو وڵاتە: "ئەسەد کردەوەی کۆمەڵکوژیی بەرامبەر بەکوردان ئەنجام دەدا، سەرژمێری رەسمی ناسنامەی کورد نەکراوە، دانیشتوانی زۆرینەی ناوچەکانی قامیشلۆ و عەفرین کوردن، کوردانی سوریا سەرجەم مافەکانیان لێ زەوت کرابوو لەلایەن حکومەتی سوریاوە، نزیکەی سێ ملیۆن کورد لەسوریا ھەن، ھەموو شتێک لەلایەن رژێمەوە خرابووە سەر زمانی عەرەبی و زمانی کوردی قەدەغە بوو، کاتێ گەنجان لە بۆنەکان بە زمانی کوردی قسەیان دەکرد دەست بەجێ لەلایەن پۆلیسەوە دەست بەسەر دەکران، زیاد لە ٦٠ ھەزار کەسی کورد ناسنامەیان نەبوو."
ھەروەھا گوتی: "لە ھەندێ ناوچە کوردان لەزێدی خۆیان دەردەکران و لەشوێنی ئەوان خێزانە عەرەبەکان نیشتەجێ دەکران. سیاسەتی "بەعەرەب" کردن دژی کوردی سوریا بەکار ھێنراوە، لەلایەن بەشار ئەسەد و باوکیەوە، کاتێ سەرھەڵدان لە سوریا رویدا کوردان لەڕێی چالاکییە دیموکراتییەکانیان خۆپیشاندانیان ساز کرد، بەمەبەستی بەدەستھێنانی مافە نەتەوایەتیەکانیان لەسوریا، شەش مانگ ھیچ چەکێک نەتەقی لەلایەن کوردەوە، کاتێ قۆناغی چەکھەڵگرتن دەستیپێکرد لایەنی کوردی لەسەرەتادا خۆی بەدور گرت خوازیاری چالاکیی چەکداریی بوو. تا ئەمرۆ ئەسەد ھەنگاوی نەناوە بۆچارەسەرکردنی پرسی کورد لەسوریا."
نەجدەت عەقراوی پسپۆری ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی پرسی کورد گوتی: "بەکارھێنانی سیستمی تاکتیکی ئەنجامی باشی نابێ، بەڵام نزیکبوونەوە لەرێگای ستراتیژیی بۆ پرسەکە ھەنگاوەکان خێراتر دەکات بۆ بەدەستھێنانی ئەنجامی ئەرێنی."
سەبیح ئاتاچ، پارێزەری بەرگریکاریی مافەکانی مرۆڤ تیشکی خستەسەر رەوشی کورد لەو خاڵەی کەئێستا تێدایە، گوتی: "جگە لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، پێویستە کوردان لە وڵاتدا خاوەنی ئیرادەی خۆیان بن و نابێ رێگریان لێبکرێ، دەتوانرێ تەندروستتر چارەسەری پرۆسەکە بکرێ."
حوسێن یەزدانپەنا، سکرتێری پارتی ئازادی کوردستانی ئیران باسی رەوشی کوردانی کرد لە ئێران، یەزدانپەنا بەمشێوەیە کێشە و رێگرییەکانی روونکردەوە: "گەلی کورد روو بەڕووی مامەڵەی جیاوازتر دەبنەوە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، ھیچ ھەنگاوێکی بەڕووی چارەسەری پرسی کورد دا نانێ، بەتەواوەتی سیاسەتی کوشتن و سەرکوتکردن لەرێی سەربازیی و ئاسایشەوە بەکار دەھێنێ."
پ. د. میدحەت سەنجار کە بەڕەگەز عەرەبە و زمانی کوردی دەزانێ گوتی: "وەک ئاکادیمییەک ناتوانم بەھەردو زمانەکە بنووسم، ھەرچەندە لەژیانی رۆژانەم دا زۆر ئاخاوتنی پێدەکەم، خەڵکی نسێبینم بەشێکی زۆری بنەماڵەکەمان لە قامیشلۆ دەژین، نسێبین و قامیشلۆ دوو ناوچەی جیاواز نین، واتا ئەو ناوچەیەی پێ دەگوترێت رۆژئاوا وڵاتێکی بیانی نییە، ئەم سنوورانە لەدەرەوە دانراون بەڵام ئێمە قەبوڵی ناکەین، سەردەمی ئێستا سەردەمی نوێبونەوەی ڕۆژ ھەڵاتی ناوینە، لەگەڵ ئەوەی ھەندێک لایەن بە نموونەیەکی خراپ وەسفی دەکەن و سەرھەڵدانی شەڕی ٣٠ ساڵەی ئەوروپا ناوی دەبەن، ئایا رۆژ ھەڵاتی ناوین بەرەو ئاراستەی ئاشتی دەبردرێ یان بەرەو شەڕێکی خوێناویی؟، سەرھەڵدانی شەڕی ڕۆژئاوا شەڕی ناوخۆی سوریا نییە، بەڵکو شەڕی نوێبوونەوەی ڕۆژھەڵاتی ناوینە، ئایا دوای شەڕەکە وڵاتان بەسەر چەند دەوڵەتێکی بچووکدا دابەش دەکرێن؟ یان لەگەڵ دەوڵەتی ئێستا بەڵام بەسیستمێکی دیموکراسی دەمێنێتەوە؟، بەدڵنیاییەوە کاتێکی درێژ دەخایەنێ بۆ روودانی ئەم بیرکردنەوە جیاوازانە، بەڵام لێرەدا دەبێ کوردان بەشداریی لەبواری سیاسی و سەربازیی وڵاتەکانیان بکەن."
گوتیشی: " ئەرکێکی زۆردەکەوێتە ئەستۆی کوردان لەم سەردەمەدا، کوردان بۆخۆشیان جیاوازیان ھەیە، ئەنجامدانی کۆنفرانس بۆ کۆکردنەوەی کوردان و ئەنجامدانی کاری ھاوبەش، کاریگەری باشی دەبێ لەسەر داھاتوویان لەڕۆژ ھەڵاتی ناوەراست و ناوچەکدا. گەیاندنی دەنگی کورد بەجیھان ئەمەش بەیەکخستنی ماڵی کورد و یەکگرتنی سەرجەم رێکخراوە کوردییەکان دەبێ، دەتوانن چارەسەکردن لەم کۆنفرانسەدا بەدەست بێنن. دەبێ رێکخستنێکی بەرگریی فراوان دابمەزرێنن، بێجگە لەدەوڵەتێکی سەربەخۆ کوردان دەبێ خاوەنی بڕیاربن لەناوچەکەدا".
لەلایەکی ترەوە د. ئومێد فەتاح مامۆستای بەشی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی سلیمانی ھەرێمی کوردستان کەبەشداری لە کۆنفرانسەکە کردبوو گوتی: "پێویستە کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد بەبێ دواخستن ئەنجام بدرێ، بەدڵمان بێ یان نا پێویستە ئاگاداری نەتەوەکانی دیکە بین، پێویستە بەیەکەوە کێشەکان بێنینە سەر زمان، ئێمە زیاتر باس لە بنیاتنانی نەتەوەیی دەکەین، بەدرێژایی مێژوو کوردان ستەمیان لێکراوە و پشتگوێخراون، لەلایەن دیکتاتۆرەکانەوە خراونەتە قەفەزێکەوەو نەیانتوانیوە لەچوار چێوەی قەفەزەکە بێنە دەرەوە. لەڕووی سیاسی و ھونەرییەوە سەرکوتکراوین، باشووری کوردستان سەرجەم رێگاکانی چارەسەری بەشێوەیەکی تێۆری تاقیکردووەتەوە، دەتوانین لەڕێی یاساوە لەگەڵ حکومەت گفتوگۆ بکەین لەسەر مافەکانمان، ھەروەھا رێگا چارەی تریش ھەیە، وەک چارەسەری سیاسی ئێستا لە تورکیا رەخساوە، پێویستە کوردان لەئێرانیش بتوانن لەڕێی سیاسەتەوە چارەسەری پرسەکە لەگەڵ ئیران بکەن. دەبێ مافە ئابووریی و سیاسی و فەرھەنگییەکانی کورد ددانی پێدا بنێن."
مامۆستای زانکۆی دیجلە حوسێن شێخانلی ئۆغڵو بەم شێوەیە باسی لەڕۆڵی کوردان کرد و گوتی: "دەمەوێ بەزمانی کوردی قسە بکەم ، وەک ئەوەی ئیبراھیم تاتلیساس دەڵێ ئۆکسفۆرد ھەبوو من نەمخوێند. رۆڵ و گرنگی کوردان لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کەم نابێتەوە، تێورییەک ھەیە دەڵێ حاکمیەت بوون بەسەر رۆژھەڵاتی ناوین حاکمیەت بونە بەسەر جیھاندا، منیش دەڵیم ڕێگای حاکمیەتی رۆھەڵاتی ناوەراست لەگەڵ حاکمیەتی کوردانە. پێش ساڵی ١٩٠٠ رۆژ ھەلاِتی ناوەڕاست خاوەنی سەقامگیری بوو، لەگەڵ دروستبوونی سیاسەتی جیکاریی نەتەوەیی سەقامگیری تێکچوو."
نووسەر شاکر ئەپۆزدەمیر لەکۆنفرانسەکەدا چەند رونکردنەوەیەکی لەبارەی پەیوەندیی نێوان کورد و عوسمانی لەساڵی ١٥٢٤ دا و گوتی:" ئەوانەی لەگەڵ چیرۆکەکان دەژین راستییەکانیان لەدەست دەدەن."
ئەپۆزدەمیر بەکورتی باسی مێژووی کورد کرد و چەند نمونەیەکی لەسەر رێکەوتنەکانی نێوان عوسمانی و کورد لەبارەی ٢٨ میرە کوردەکانی کوردستانی ساڵی ١٥٢٤ سەردەمی عوسمانی ھێنایەوە.
فەھیمە عەلی یەکێ لەبەشداربووانی کۆبونەوەی رۆژ ئاوا گوتی: "وەک چوار پارچەی کوردستان لێرە ئامادەین، خوازیار بووین دوێنێ لێرە ئامادەبین، بەھۆی کێشەی سنوورەوە ئەمرۆ ئامادەین، دیموکراسی و سەرکەوتن بنیاد دەنێن. لەگەڵ ئەوەی قورسە بەڵام گەلی رۆژئاوا دەیانەوێ ببن بەخاوەنی ژیانێکی تایبەت بەخۆیان، گەلی رۆژئاوا بەرگریی لەیەک دەکەن، دەیانەوێ براکانی دیکەیان بەرگرسیان لێبکەن."
لەکۆتاییدا محەمەد ساڵح نوێنەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ھەولێر گوتی: "بزوتنەوەی کورد پارچە پارچە بووە، بەسەر چوار پارچە دابەشکراوین، کۆبونەوەمان لێرە دەرفەتێکە بۆ یەکێتی و یەکگرتنی ھێزەکانمان، سوپاسی ھەموو لایەک دەکەم، لەبەشی رۆژھەڵات جیھاد بەرامبەر کوردان دەکرێ، سیاسەتێکی پیس روو بەڕوویان بووەتەوە، ئێران سەرکوتی کوردان دەکات، سیاسەتە پیسەکانی ئێران بەردەوامە لەسەر نەتەوەی کورد، دەیەوێ دەست وەربداتە جوگرافیای کوردستان و بەردەوام ئەنجامی داوە، لەگەڵ ئەسەدی دیکتاتۆر بەھاوبەشی کاردەکات، نکوڵی لە ھەبوونی کورد دەکەن، دەیەوێ دەست وەربداتە کاروباری باشووریش. دەمانەوێ بەردەوام بین لەرێی سیاسەتی دیموکراسی، بەنەریتی خۆمان رەفتار دەکەین نەوەک رەفتاری سەپێنراوی ئێران، ھەموو رۆژێک رۆڵەکانمان لەسێدارە دەدرێن ئەمەش یەکێکە لە یارییە سیاسیە پیسەکان دژ بەگەلی کورد ئەنجام دەدرێ."
news_share_descriptionsubscription_contact

