Kaan Bozdoğan
13 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2022
ئیستانبوڵ - AA
سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماریی (جەھەپە)، کەمال کڵچدارئۆغڵو رایگەیاند "سیاسەتی ئێمە لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادی بیرکردنەوەیە. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە دەست بکەین بە دەستەبەرکردنی ئازادی بۆ ئەو کەسانەی کە بە ناڕەوا لە کونجی زیندانەکاندان".
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە میانی گوتارێکیدا لە "مەشقی سیاسەتی سۆشیاڵ دیموکراتی ٥٠یەمین کەمپی لاوانی قوتابخانەی پارتی جەهەپە" کە لەلایەن پارتەکەیەوە لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی کلیۆسی شارەوانی ساریەر رێکخرابوو، گوتی کە گەنجان ئایندەی وڵات دیاریی دەکەن.
کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرنجی خستە سەر دەستەواژەی "بونیاتنانی بەهرە و توانا باڵاکان" و ئاماژەی بەوە دا کە لەسەدا ١،٥-٢ی هەر کۆمەڵگایەک لە کەسانی بەهرەمەند پێکدێت، پەروەردەکردنێکی باشی ئەو کەسانە، سوودێکی بەرچاو بە ئایندەی وڵات دەگەیەنێت.
بە ئاماژەدان بەوەی کە لەنێوان وڵاتانی جیهاندا، ململانێی توند هەیە لە بونیاتنانی بەهرە باڵاکان، ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا و چین-یش پێشبڕکێی یەکتر دەکەن لە بونیاتنانی بەهرە باڵاکاندا.
- "رەنگە هەڵبژاردن لە کاتێکدا ئەنجام بدرێت کە زانکۆکان کراوەن"
سەرۆکی گشتیی جەھەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو داوای لە گەنجان کرد کە "بچنە سەر سندوقی دەنگدان" و گوتی: "دەمانەوێت هەمووان بە ئیرادەوە بچنە سەر سندوقی دەنگدان. ٦-٦،٥ ملیۆن گەنج بۆ یەکەمین جار بەشداری لە هەڵبژرادندا دەکەن. ئەمە شتێکی نائاسایییە. ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا، تەنانەت هەمووان دەنگیان بە یەک پارت دابێت، کاتێک ٦-٦،٥ ملیۆن گەنج بۆ یەکەمجار دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە دیموکراسی دەدەن، مێژووی تورکیا دەگۆڕێت".
بە ئاماژەدان بەوەی کە لەو باوەڕەدایە گەنجان بە چوونە سەر سندوقی دەنگدان دەتوانن بە شێوازێکی دیموکراسی، حکوومەتی تاکڕەو بگۆڕن، کڵچدارئۆغڵو گوتی: "دەبینین کە چۆن گەنجانی کۆماری تورکیا بە رێگەی دیموکراسی حکوومەتێکی تاکڕەو دەگۆڕن و مێژووش ئەمە دەنووسێتەوە".
کەمال کڵچدارئۆغڵو دەنگی گەنجانی بە "دەنگی زێڕین" ناوبرد و گوتی: "هەڵبژاردن لەکاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە زانکۆکان کراوەن، بۆیە رەنگە جیاوازی هەبێت لەنێوان شوێنی نیشتەجێبوونی خوێندکاران و ئەو شارانەی تێیدا دەخوێنن. لەوێدا ئەرکێکی گەورەترتان دەکەوێتە سەر. بەرپرسیارێتی ئێوەیە کە دڵنیابن لەوەی ئەم گەنجانە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ دەدەن. ئەگەر پێویست بکات وەک پارتی گەلی کۆماریی هاوکار دەبین. یان تۆمارەکان وەردەگرین، یاخود دەیاننێرین بۆسەر سندوقی دەنگدان بۆ ئەوەی ئەوانیش دەنگ بدەن".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە سیاسەت لەسەر بنەمای باوەڕ و ناسنامە و شێوازی ژیان ناکرێت، گوتی: "سیاسەتی ئێمە لەسەر بنەمای گەشەپێدانی تورکیایە. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە تورکیایەک بونیات بنێین کە هیچ منداڵێک بە برسی نەچێتە ناو پێخەفەکەی. سیاسەتی ئێمە بونیاتنانی دەوڵەتێکی کۆمەڵایەتی و دیموکراسییە و پاراستنی ئازادی بیرکردنەوەیە. سیاسەتی ئێمە لابردنی گشت ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادی بیرکردنەوەیە. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە دەست بکەین بە دەستەبەرکردنی ئازادی بۆ ئەو کەسانەی کە بە ناڕەوا لە کونجی زیندانەکاندان و بونیاتنانەوەی دیموکراسییە و دڵنیابوونە لەوەی دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆیە".