Muhammet Ali Kemal,Mohammed Baqi Hussein
06 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2016
جێگری سەرۆكوەزیران و گوتەبێژی حكوومەتی توركیا نومان كورتوڵموش، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقلئەوسەت وەڵامی پرسیارەكانی سەبارەت بە بابەتەكانی رۆژەڤ دایەوە.
سەبارەت بە دابەشبوونی سووریا كورتوڵموش رایگەیاند ''جەنگی سووریا گەیشتووەتە خاڵێك كە پێویست دەكات ئاشتی لەو وڵاتە فەراهەم بكرێت''.
كورتوڵموش باسی لەوەكردووە كە هەوڵی ئەوە دەدرێت وڵاتە موسوڵمانەكان لە رووی مەزهەبی یان ئەتنیکەوە دابەش بكرێن و بە رۆژنامەكەی گوتووە ''ئێمە وەك توركیا هەموو جۆرە پلانێك بۆ دابەشكردنی سووریا رەت دەكەینەوە. ئەوەی كاری لەپێشینەیە بۆ توركیا ئەوەیە كە سووریا لەچوارچێوەی سیستمێكی دیموكراتیدا بەیەكپارچەیی بمێنێتەوە''.
لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی كە ئایا ئەسەد تا ئەو كاتەی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی تەواو دەبێت لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە، ئایا دەبێتە بەشێك لە پرۆسەی راگوزەر یان نا؟، جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم بابەتە وڵاتەكەی ئەو نا بەڵكو پێویستە گەلی سووریا بڕیاری لەبارەوە بدات.
نومان كورتوڵموش بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە ''سەبارەت بە داهاتووی ئەسەد، گەلی سووریا خاوەنی دوایین بڕیارە، گەلی ئەو وڵاتەش بە روونی گوزارشتی لەوەكردووە كە بوونی ئەسەد لە داهاتووی وڵاتدا پەسەند ناكەن. ئەو رژێمە بەهیچ شێوەیەك لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا جێگەی نابێتەوە. داهاتووی سووریا پێویستە دابماڵرێت لە رێكخراوە تیرۆریستییەكان و رژێمی ئێستا. ئەوە گەلی سووریایە كە بەهەموو شێوەیەك دژی رژێمی ئەسەدە''.
- ''هیچ كەسێك ناتوانێت توركیا و براكانی لەناوچەكە، لەیەكتری جیابكاتەوە''
گوتەبێژی حكوومەتی توركیا لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەكەدا بەوەی رووسەكان دەیانەوێت لە رێگەی داخستنی سنوورەكان یان لە رێگەی كوردەكانەوە ئێوە لە چارەسەركردنی قەیرانی سووریادا بكەنە دەرەوە، چ رێوشوێنێك بۆ رێگریكردن لەمە دەگرنە بەر؟ گوتی: "توركیا و سووریا پەیوەندی دراوسێیەتی و خزمایەتییان لەنێواندایە و بەهای هاوبەشی مێژوویی و كولتوورییان هەیە".
كورتوڵموش گوتی: "ئێمە لە توركیا هەتاهەتایە لەگەڵ دراوسێكانماندا پێكەوە دەژین، بەڵام هێزە بیانییەكان لە كۆتاییدا دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان. دژی بوونی برا كوردەكانمان نین لە سنوورەكەماندا. ئەوان خەڵكی ئەو شوێنەن. ئێمە تەنها دژی ئەو جیاكارییە نەژادییەین كە پەیەدە پەیڕەوی دەكات. كورد و عەرەب و توركمان سەدان ساڵە لەوێدا دەژین. دژی كوردانی باكووری عێراقیش نین بەڵام، ئەگەر هەندێك رێكخراو باس لە خاوەندارێتی خاكەكەی بكات، جێگای قبووڵكردن نییە. خاك خاكی ئەو خەڵكەیە كە لەسەری دەژی و هیچ كەس ناتوانێت توركیا و براكانمان لەناوچەكەدا لێك جیابكاتەوە."
كورتوڵموش لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی توركیا و رووسیا لە سووریا گوتی: "پێموانییە شتێكی لەوجۆرە رووبدات، بەڵام مەترسی شەڕێكی ناوچەیی لەنێوان هەموو لایەنەكاندا لەئارادایە".
لەبارەی پەلامارە تیرۆریستییەكانی ئەم دواییەی توركیاشەوە پرسیار لە كورتوڵموش كرا و لەوەڵامدا رایگەیاند، كە هەموو رێكخراوێكی تیرۆریستی هەندێك یارمەتی سیاسیی، ئابووریی ،سەربازیی و هەواڵگریی وەردەگرێت.
كورتوڵموش گوتی: "بۆ نموونە پاریس یەكێكە لەو شارانەی ئەورووپا كە بەباشترین شێوە دەپارێزرێن، بەڵام داعش توانی لەیەك كاتدا پەلاماری هەشت شوێنی جیاجیا بدات. لەمەوە دەردەكەوێت كە ئەو رێكخراوە لە هەندێك دامەزراوەی هەواڵگرییەوە یارمەتی وەرگرتووە. بەهەمان شێوە دەكرێت پەلامارەكەی ئەنقەرەش پەیوەندییەكی نێودەوڵەتی هەبێت. بەتایبەتی دەكرێت لەو گرووپانە بێت كە بەشێوەیەكی چالاك لە شەڕی ناوخۆی سووریادا بوونیان هەیە".
كورتوڵموش رایگەیاند كە لەپێناو ئایندەی توركیادا، لەژێر ناونیشانی "یەكێتی، ئاشتی و دیموكراسی"دا هەڵمەتێكیان دەست پێ كردووە و گوتی: "ئەم هەڵمەتە 81 ماددە لەخۆدەگرێت و جێگای ئومیدە بۆ خەڵكی توركیا. بەمەبەستی تاوتوێكردنی هەموو بابەتەكان، جۆرێك لە چالاكی مەدەنی دەست پێ دەكەین. هاوبەشەكانمان گەلە. رێكخراوە تیرۆریستییەكان وەك هاوبەش لە هەڵمەتی ئاشتیدا قبووڵ ناكرێن".