ئیستەنبوڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەمیل چیچەک دوای بەشداریکردنی لە پلاتفۆڕمی برایەتی عەلەوی - سوننە لە ئیستەنبوڵ کە لە ھۆڵی ناوەندی کۆنگرە بەسترا، لە کۆبوونەوەیەک بۆ دەزگاکانی راگەیاندن قسەی کرد.
دەربارەی پرسیاری گوللەبارانکردنی کاروانێکی سەربازی لە گوندی ئەسکیشەھیر لە شارۆچکەی نوسەیبین لە ماردین، چیچەک رایگەیاند کە ئاگای لە وردەکاری ئەو رووداوە نیە.
دەربارەی پرسیاری ئەو ھێرشە کە بەر لە سەردانی سەرۆک وەزیرۆانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ئەنجامدرا، چیچەک گوتی: "با دەربارەی ئەو رووداوە قسە نەکەین. ئەو چارەنووسە دەزانین. لەو وڵاتە بە رادەی ئەوانەی حەز لە چارەسەری دەکەن، کەسانێک لە ناوەوە و دەرەوە ھەن کە حەز لە چارەسەری ناکەن. ئەو ھەموو رووداوانە وەکو بازرگانییەکیان لێھاتووە و ژیانی ھەندێک کەس لەسەر ئەو رووداوانەیە و لە بەرامبەر پێشکەوتن و گەورەبوونی تورکیا نیگەرانن. ھەموو جارێک تیرۆر گرنگترین چەکی دەستی ئەوانە. ئەو ھێرشانە وەحشیەت و توندوتیژی و زۆرداریان تێدایە، بۆیە پێویستە ھەموومان ھەندێکی دیکە ھۆشیار بین. پڕۆسەیەکی زەحمەتە. ئاستەنگی زۆرمان لەپێشە."