ئەنقەرە
سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك لە لێدوانێکدا گوتی: "پرسی تیرۆر پرسێكی دەوڵەتییە لە توركیا كە پەنجا ساڵە بەردەوامە، دەتوانین بڵێین بۆ پێشتریش دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە چارەسەر بکرێ."
چیچەک لە ئەنقەرە بەشداری لە رێوڕەسمی كردنەوەی پێشانگایەکی مۆبیلیات كرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی چاكسازییەكان لە بواری پڕۆسەی چارەسەردا، ئایە بەر لەوەی پشووی پەرلەمان دەستپێدەکا؟ چیچەك گوتی: "ناوەڕۆکی بابەتەکە نازانم، تا نەیاتە پەرلەمان ناتوانم قسەی لەسەر بكەم."
چیچەك گوتیشی: "بەڵام ئەوە دەزانین کە پرسی تیرۆر پرسێكی دەوڵەتییە لە توركیا و پەنجا ساڵە بەردەوامە، دەتوانین بڵێین بۆ پێشتریش دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە چارەسەر بکری."
جەختیشیکردەوە: "مادام پرسەكە پرسی خۆمانە، دەبێ خۆمانیش چارەسەری بكەین وەك خەڵك و حكومەت و سیاسەتمەدارانی ئەم وڵاتە، ھەوڵەکان لەمبوارە بەردەوامە. بەڵام دواتر ناوەڕۆكەكەیمان بۆ دەردەکەوێ، ئەوكاتە دەتوانین روونتر قسەی لەسەر بکەین."
هەروەها ناوبراو لەبارەی ئەو منداڵانەی بۆ شاخ دەبرێن گوتی: "بە ھیچ شێوەیەک ئەم کارە پەسەندکراو نییە، با كەس ئەم كارە وەك كارێكی پاك لەقەڵەم نەدا، خۆی ناوی لێنراوە 'رفاندنی منداڵ'، پێویستە بە زووترین کات ئەو منداڵانە بگەڕێندرێنەوە بۆ خێزانەكانیان."