ئەستەنبوڵ
بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەی ئەرمەنی ژاماناک کە لە رۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٠٨ بەدواوە لە تورکیا چاپ و بڵاودەبێتەوە، لە پارکی یڵدز لە شاری ئیستەنبوڵ ئێوارەخوارنێک سازکرا. رێوڕسەمەکە بە نزای گەورە ئەسقفی ئەرمەنی شاھاک ماشاڵیان دەستی پێکرد.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەمیل چیچەک لە رێورەسمەکە ئامادەبوو لە وتەیەکیدا ساڵیادی دامەزراندنی رۆژنامەی ژاماناکی پیرۆز کرد و رایگەیاند: نزیکەی سەدەیەکە ئەو رۆژنامەیە بەبێ وەستان بە زمانی ئەرمەنی بڵاودەبێتەوە و گوتی: "رۆژنامەی (ژاماناک) کار بۆئەوە دەکات ببێتە دەنگی ھاووڵاتیانی ئەرمەنی و ھەواڵی ئەرمەنەکانی دەرەوە بگوازێتەوە. ھیواخوازم ئەوان لەسەر ئەو رێگایە بەھێز و سەرکەوتوو بن. رۆژنامەی وەکو ژاماناک رەنگ و شێوازی ژیانی جیاوازتر بە راگەیاندن دەبەخشێ. ئەو دەنگ و رەنگە جیاوازانە پێوانەی پێشکەوتنی دیموکراسیمانە. ھیواخوازم دەزگای راگەیاندنی وەکو ژاماناک زیاتر ببێ لەبەرئەوەی بۆ پێشکەوتنی دیموکراسی سوودی زۆری ھەیە."
چیچەک، رایگەیاند: "ئەرمەنی و تورک لەسەر ئەو خاکە یادەوەری ھاوبەشیان ھەیە. ئەرمەنی ھاووڵاتی رەسەنن، لە پێشکەوتنی کلتوور، ھونەر، ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری رۆڵی بەرچاویان ھەبووە، زۆربەیان بە ئەندازیاری، کارسازی و ھونەر خزمەتیان کردووە."
چیچەک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە مێژووی ئانادۆڵ کرد و دووپاتیکردەوە مرۆڤی ئەو ناوچەیە پێش ١٠٠ ساڵ، رێزیان لە کلتوور، زمان و باوەڕی یەکتر دەگرت و گوتی: "کاتێک سیاسەتی داگیرکار و ئیمپریالیست ھاتە ناوچەکە، مرۆڤەکان بوونە دوژمنی یەکتری. مەسەلەی ئایین، زمان و ئەتنیک بووە ئامرازی لێکردن. زەمینەی ئەوە نەما بە جیاوازیەکانەوە لەناو ئاشتیدا بژین و لە ئەنجامدا کێشمەکێشی زۆر دروستبوو، بەڵام رێزگرتن و برایەتیش ھەبووە. لە جوگرافیای ئانادۆڵو، کاتێک ئاگر بەربووە شوێنێک شەڕی لێکەوتەوە. پێکھاتە سیاسیەکان پەرتبوون. لەو سەردەمە تورک و ئەرمەنەکان ناخۆشی زۆریان بینی و ژیانێکی کارەساتاویمان بەسەربرد. ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئەو مەسەلەیە نەکەینە ئامرازی کێشمەکێش. لێرەدا دەخوازم پێتان بڵێم مێژوو بۆ ئەوەیە لێی فێرببین. ئەگەر لێی فێرببین کێشە و ناخۆشیەکان دووبارە نابنەوە. گەیشتینە ئاستێک ناچارین، بەیەکەوە بژین. پێویستە لە حاڵ و دەردی یەکتر بگەین، بە زمانی سازش لەگەڵ یەکتر قسە بکەین."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ِدووپاتیکردەوە کە لەو ماوەیەی دوایی دا لەربارەی ئازادی ھەنگاوی گەورە نراوە، لە پاکێجی پێنجەمینی دیموکراسی موڵک و ماڵی ئەو کەسانەی دەستبەسەرکرابوو، گەڕێندرایەوە، ئەگەر دیموکراسی پێشبکەوێت ئەو کێشانە لەناو دەچن.
چیچەک لە کۆتایی قسەکانیدا، قسەی ئەکتەری سینەمایی کەنعان پارسی بیرھێنایەوە کە دەڵێت: "چی بەو کەسە دەڵێین؟ کە لە تورکیا لە دایکبووە و وەکو تورکێک ژیاوە. من تورکم، ھەست بە واتای تورک بوونم دەکەم تۆش تورکی، پاشانیش ھیوای سەرکەوتنی بۆ رۆژنامەی ژاماناک خواست."
رۆژنامەنووسی تیرۆکراوی ئەرمەن ھرانت دینک چەند مانگێک بەرلەوەی تیرۆر بکرێ گوتبووی: "من ھەست دەکەم کەوەک کۆترێکی ترساو ژیانی خۆم بەسەر دەبەم"، بەڵام لەو رێوڕەسمەدا وەک ئاماژەکردنێک بەو گوتەی ھرانت دینک، جەمیل چیچەک گوتی: "ئێمە دەمانەوێ وڵاتیک دروست بکەین ھیچ کەسێک وا ھەست نەکات وەک کۆترێکی ترساو ژیان بەسەردەبات."