ئەنقەرە
لە گەراجی وێستگەی مێترۆی ئاککۆپرو لە ئەنقەرە چوار ھەزار و ١٠٠ کورسی لەلایەن سەکۆی رابیعەی نێودەوڵەتی بۆ قوربانیانی وڵاتانی میانمار و عێراق و رۆژھەڵاتی تورکستان و میسر و سوریا کە ناوی قوربانییانی چوار ھەزار و ١٠٠ کەسی لەسەر نووسرابوو دانرا.
ئیلکای زێنگین گونگۆر بەناوی سەکۆکەوە بۆ راگەیاندنەکان روونکردنەوەیەکی خوێندەوە، تێیدا سەرکۆنەی ئەو کەسانەی کرد کە مرۆڤی تر دەکوژن.
گونگۆر گوتی: بەبۆنەی رۆژی جیھانیی مافی مرۆڤ لەبەردەم ھەموو جیھان سەرکۆنەی سەرجەم ئەو مرۆڤانە دەکەین کە مرۆڤێکی تر دەکوژن. بەھەموو شێوەیەک پشتگیری لەو کەسانە دەکەین کە مافەکانیان پێشێل کراوە.
لە روونکردنەوەکەدا گونگۆر گوتی: بەبێ پرسین لە ناسنامەی زاڵم و مەزڵوم پشتی ھەموو ئەو کەسانە دەگرین کە خودا دروستی کردوون و لەلایەن کەس یان لایەنێکەوە مافیان دەخورێ.
گوتیشی: "ئامادەبوونی ئێمە لێرە یادکردنەوە و وەبیرھێنانەوەی ئەو برایانەمانە کە بوونەتە قوربانی بەھۆی شەڕی سوریا و شەڕی گەل دژی حکومەتی کاتی لەمیسر و قوربانیانی گەمارۆی ئابووریی غەززە و ناکۆکی مەزھەبی عێراق و کوشتنی برا موسڵمانەکانی میانمار، ئەو برایەنەمان کە خاکەکەیان لەرۆژھەڵاتی تورکمانستان زەوت کراوە."
لەگوتەکانیدا گونگۆر باسی قوربانیانی سەرای بۆسنای کرد و گوتی: " ساڵی رابردو بەمەبەستی بەرز راگرتنی قوربانیانی سەرای بۆسنا بەدرێژایی شەقامی تیتۆڤا لە بۆسنا ١١ ھەزار و ٥٤١ کورس بەتاڵمان ریز کرد. کە لە ٢٠ ساڵی رابردوو بوونە قوربانی لە شەڕەکەدا.
گونگۆر لەکۆتایی گوتەکانیدا گوتی: "ئەمڕۆ بەھەمان شێوە بەمەبەستی بەرز راگرتنی یادی قوربانیانی پێکدادانەکانی مەیدانی رابیعەی میسر و شەڕەکانی میانمار و عێراق و رۆژھەڵاتی تورکستان و سوریا ٤ ھەزار و ١٠٠ کورسی بەتاڵ بەنووسینی ناوەکانیان ریز دەکەین. ئەو ژمارەیە ھێمایە، ئەو ھاوڵاتییە مەدەنیانەی بوونەتە قوربانی ژمارەیان گەشتۆتە زیاتر لە ١٥٠ ھەزار کەس، لە سەر ئەو کورسیانە ناوی ھەندێ لەو قوربانیانەمان نووسیوە، ئەگەر لەژیان بوونایە ئەوانیش دەھاتن لەسەر ئەو کورسیانە دادەنیشتن."