Zafer Fatih Beyaz
29 تشرینی یەکەم 2026•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2026
سەرکۆماری توركیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ڕایگهیاند: "وەک تورکیا لە قۆناغێکی سەختدا کە لە دەوروبەری نزیکمان و لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا جەنگ، شهڕ و پێکدادان و قەیرانەکان ڕوودەدەن، ئێمه نەک تەنیا سەقامگیریی خۆمان دەپارێزین، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بەرپرسیارێتیش لە ئەستۆ دەگرین".
بە بۆنەی ٢٩ی تشرینی یەکەم، جەژنی کۆماری، سەرکۆمار ئەردۆغان پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوكردهوه.
له پهیامهكهیدا سهركۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە كرد ١٠٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆمار بە شانازی و جۆش و خرۆشێکی گەورەوە یادی دەکرێتەوە و، ڕایگهیاند: "پیرۆزبایی ٢٩ی تشرینی یەکەم، جەژنی کۆماری لە گهله ئازیزەکەمان، برایانی تورکی قوبرس و گشت هاووڵاتییانمان لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان دەکەم. لە ناخی دڵەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی ئەو میوانە بەڕێزانە دەکەم کە لە نوێنەرایەتییەکانمان لە دەرەوەی وڵات هاوبەشی شادی و جۆش و خرۆشی جەژنەکەمان بوون. بە خۆشەویستییەوە لە ئامێزیان دەگرم ههموو ئەو دۆست و برایانەی لە گۆشە جیاوازەکانی جوگرافیای دڵ و کلتوورماندا دڵیان لەگەڵ گەلەکەماندا لێدەدات، لەگەڵمان دڵخۆش دەبن و لەگەڵمان خەمبار دەبن و چارەنووس و هاوسۆزیمان بهیهكهوه گرێدراوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسهر ئهوە کردەوە کۆمار بەهێزترین نیشانەی ئیرادەی سەربەخۆیی، پێداگریی لەسەر ئازاد ژیان و ویستی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیەتی لەلایەن گەلی تورکەوە کە مێژووەکەی پڕە لە سەرکەوتن و خەباتی پڕ لە شانازی.
گوتیشی: "ئەو خەباتە نیشتمانییەی بە ڕابەرایەتی غازی موستەفا کەمال و بە قوربانیدانی گەورە بەڕێوەمان برد، نیشانی هەموو جیهانی دا کە گهلێك بە یەکڕیزیی و پێکەوەیی یەکبگرێت، تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجیشدا دەتوانێت چی بەدەستبهێنێت. ئەم سەرکەوتنە گەورەیە لەناو بێدەرفەتیدا بەدەستهات، نەک تەنیا چارەنووسی گهلێكی گۆڕی، بەڵکو هەمان کات هێزی ئیرادەی نیشتمانیی و نەگۆڕی مافی ژیانی سەربەخۆی لە مێژوودا نەخشاند. ئەو پێداگریی، بوێریی و ئیرادەیەی پێش ١٠٣ ساڵ وەک گهلێك نیشانمان دا، ئەمڕۆش بەهێزترین سەرچاوەی پاڵنەرمانە. ئەو مەودایەی لە ماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا لە بوارەکانی پیشەسازی بەرگریی تا وزه، لە گواستنەوە تا دیپلۆماسیی بڕیومانە، وەک بەردی بناغەی ئەو ڕێگایە دەبینین کە بەرەو تورکیایەکی کاریگەر و خۆشگوزەران دەڕوات. وڵاتەکەمان کە تەکنەلۆجیای خۆی پەرەپێدەدات، تواناکانی لە بواری بەرگرییدا زیاد دەکات، ئاسایشی دابینکردنی وزە بەهێز دەکات، ژێرخانی گواستنەوە بەپێی پێداویستییەکانی سەردەم نوێ دەکاتەوە و بەردەوام قەبارەی بەرهەمهێنان فراوان دەکات، بە هەنگاوی دڵنیا بەرەو ئایندەیەکی بەهێزتر هەنگاو دەنێت".
ههروهها سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگهیاند: "وەک تورکیا لە قۆناغێکی سەختدا کە لە دەوروبەری نزیکمان و لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا جەنگ، شهڕ و پێکدادان و قەیرانەکان ڕوودەدەن، ئێمه نەک تەنیا سەقامگیریی خۆمان دەپارێزین، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بەرپرسیارێتیش لە ئەستۆ دەگرین".
له پهیامهكهیدا سهركۆمار ئەردۆغان تیشكی خسته سهر ئەوەی کە بە دروشمی "ئاشتیی لە جیهان، ئاشتیی لە ناوچەکە و ئاشتیی لە نیشتماندا" پێداگرانه بەردەوام دەبن لە تێکۆشان بۆ ئاشتیی و دادپەروەریی و، ڕایگهیاند: "وەک ٨٦ ملیۆن کەس له دەوری بەها هاوبەشەکانماندا یەکدەگرین، ئامانجی سەدەی تورکیا دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە و بهیهكهوه کۆماری تورکیا کە وەک بنمیچی ئاسمانمان دەیبینین بەرەو داهاتوویهكی زۆر ڕووناکتر دەبەین. دەمەوێت بە خۆشحاڵییەکی گەورەوە ئەوە دەرببڕم کە سوپاس بۆ خودا ئەمڕۆ تورکیا لە دوێنێ بەهێزترە. پشتیوان به خودا سبەینێ زۆر بەهێزتر، بەڕێزتر و لە هەموو بوارێکدا زۆر کاریگەرتر دەبێت. خودای گەورە ڕێگامان بۆ ئاسان بكات. بەم بۆنەیەوە یادی غازی موستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری کۆمارەکەمان، هاوسەنگەرانی، قارەمانانی خەباتی نیشتمانیی و شەهیدە ئازیزەکانمان دەکەینەوە کە گیانی خۆیان لەپێناو نیشتمانەکەماندا بەخت کرد، سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاستهی بریندار و جەنگاوەرە دێرینهکانمان دەکەم. ١٠٣هەمین ساڵیادی کۆمارمان پیرۆز بێت".