Muhammet Tarhan
30 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2026
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕایگەیاند، ئێران و ئەمریکا زیاتر لە هەموو کاتێک لە ڕێککەوتن نزیکن.
هاکان فیدان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "نیکی ئاسیا"، باسی لە گرنگی هاریکاری لە کەرتی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا کرد و هاوکات، ئاماژە بە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن دا و ڕایگەیاند کە دوو وڵات زیاتر لە هەموو کاتێک نزیکن لە ڕێککەوتن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە بەردەوامی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن دا و گوتی، "دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و ڕێککەوتن لە هەموو کاتێک زیاتر بووە. هەردوو لایەن خوازیاری گەیشتن بە ئاکامێکی ئەرێنین. دوای دەستەبەری ئاگربەست، سەرنجەکان زیاتر لەسەر دۆخی گەرووی هورمزن".
فیدان هەروەها ڕایگەیاند، کێشە لە گەرووی هورمز و ئاستەنگ دروستکردن لە هاتوچۆی دەریاوانی، گوشاری لەسەر ئێران و ئەمریکا دروست کردووە و لێکەوتەی نێودەوڵەتی لە ئاستێکی ئەوەندە بەرفراواندایە کە تەنانەت زیاتر لە دۆسیەی ناوەکی ئێران هەستیار بووە.
لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا، هاکان فیدان ئاماژەی بە ئامادەیی ئەنقەرە بۆ پەرەپێدان بە هاریکارییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ژاپۆن لە بواری پیشەسازی بەرگریی کرد و گوتی: "هەردوو وڵات دەتوانن دەرفەتی پەرەپێدان و هارکاری و بەرهەمێنانی هاوبەشی فڕۆکە بێ فڕۆکەونەکان، پیشەسازیی فڕۆکەوانی، تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو زیاتر برەخسێنن".
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها ئاماژەی بە دۆخی فەڵەستین دا و جارێکی دیکە پاڵپشتی بۆ ڕێگەچارەی دوو دەوڵەتی دەربڕی و خوازیاری ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بوو و پێشنیازی ئەوەشی دا لە هاوکارییەکی ناوچەیی بە بەشداری تورکیا، ئێران، پاکستان، سعوودیە، میسر و وڵاتانی کەنداو دروست بێت بە مەبەستی بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایشی تەناهی ناوچەکە.