ئەنقەرە
شاندی ھەدەپە دوای گەڕانەوەی لە ئیمراڵی و ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە عەبدولڵا ئۆجەلان، لە بەیاننامەیەکدا باسی پەیامەکانی ئوجالانی کرد.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ھەریەک لە جێگرانی سەرۆکی فڕاکسیۆنی ھەدەپە ئیدریس بالوکەن و پەروین بوڵدان و پەرلەمانتاری ھەدەپە سڕی سورەیا ئوندەر، رۆژی رابردوو سەردانی ئیمراڵییان کردووە و لەگەڵ ئۆجەلان دیداریان ئەنجامداوە و لەو دیدارەدا ئۆجەلان داوایکردووە پەیامەکانی بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکرێن.
لە بەشێکی بەیاننامەیەدا راگەیاندراوە کە ئۆجەلان لەو دیدارەدا باسی لە ھەستیاری قۆناغی ھەنۆکەیی کردووە و گوتویەتی: "ئەو قۆناغە کە ئێستا تیایداین، نەک تەنیا بۆ ناوچەکە، بەڵکو بۆ ھەموو مرۆڤایەتی زۆر ھەستیار و مەترسیدارە و داھاتووی مرۆڤایەتی خستووتە سەر لێوی چەقۆ."
ئۆجەلان ھەروەھا ئاماژەی بەوەکردووە کە دانوستانەکانی لەگەڵ شاندی حکومەت درێژەیان ھەیە و لەسەر بەردەوامکردنی ئەو دانوستانانە لەگەڵ حکومەت رێککەوتوونە و نەخشەڕێگەی قۆناغی چارەسەریش ئاشکراکراوە.
ئۆجەلان ھەروەھا باسی ئەوەیکردووە کە ھیچ بەربەستێک لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆسەی دانوستان کە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانیشی لەسەرە نەماوە، بۆیە پێویستە لە چوارچێوەی ئەو ناوەڕۆکە بە ڕەسمی بەبێ ئەوەی کات بە فیڕۆ بدرێ، دەست بە دانوستانی رەسمی بکرێ و بە فیداکاری و جدییەتەوە دانوستانەکان بەردەوام بن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئۆجەلان جەختی لەوەکردووەتەوە کە رەنگە ھێرشەکانی داعش بۆسەر کۆبانێ ببنە ھۆی تووشبوونی تورکیا بە قەیران و کێشەی گەورەتر، بۆیە ئەگەر داعش لە کۆبانێ بگاتە ئەنجام و دەست بە کۆمەڵکوژی بکا، ھەم قۆناغی چارەسەریی بە کۆتا دەبێ و ھەم ژێرخانی کودەتایەکی درێژخایەن لە تورکیا دروستدەبێ.
ھەروەھا داوای لەو کەس و لایەنانە کردووە کە "نایانەوێ پڕۆسەی دیموکراسی و قۆناغی چارەسەریی لە تورکیا ھەرەس بێنێ" دەست بدەنە دەستی یەکتر و بەرگری لە کۆبانێ بکەن.