سامسون
موحەڕەم ئینجە سەرۆکی فراکسیۆنی جەھەپە لە پەرلەمانی تورکیا، لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەی لە سامسون چەند ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕۆژنامەنووسان لەبارەی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن خستەڕوو.
ئینجە گوتی: پاکێجەکە لەلایەن ئەردۆغانە لەپشتی دەرگا داخراوەکان و بەھەماھەنگی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادە کراوە، بۆیە ئێمە پشتیوانی لەو پاکێجە ناکەین چونکە ھیچ شەفافیەتێکی تێدا نیە.
ئینجە لە ڕوونکردنەوەکەیدا ڕایگەیاند: ئاکەپە دەیەوێ کارەکانی ئەم پاکێجە بەش بەش ئاشکرا بکا.
ھەروەھا گوتی، یەکێک لەو بەڵێنانەی درابوو لابردنی سرودی سوێندی ئێمە بوو، چاوەڕوان بن بەم نزیکانە سەرەی سرودی نیشتمانیش دێ، لە ھەموو جیھاندا ھاوشێوەی ئەو سوێندە دەوترێتەوە، ئایا کێ ناڕەحەتە بەو سوێندە با خۆی پیشان بدا؟ ، ئایا لە ئەمریکا ئەم شێوە سوێندە ھەیە؟ دەیانەوێ بەپارچە پارچە داخوازیەکانی پەکەکە جێ بەجێ بکەن بەسەرماندا.
" ئێمە ھەردوو موستەفاکەمان زۆر خۆش دەوێ"
ئینجە لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی لابردنی قەدەغەکردنی سەرپۆش لە شوێنە گشتیەکاندا گوتی: ئامانجی ئەمانە داپۆشینی منداڵانی پێنج ساڵە وەک ئەفغانستانی رژێمی تاڵیبان، لەئێستادا سەرپۆش بۆ پارێزەر و پۆلیس و سەرباز دانەنراوە، چاوەڕوان بن ساڵێکی تر بۆ ئەوانیش دێ، دواتر خوێندنگا سەرەتاییەکان و ئامادەییەکانیش دەگرێتەوە.
ھەروەھا گوتی "ئێمە پارتێکین ھەردوو موستەفاکەمان خۆش دەوێ، مەحەمەد موستەفامان خۆش دەوێت و موستەفا کەمالیشمان خۆش دەوێ، ئاین و سیاسەت جیاوازن ، پێغەمبەرەکانمان بەجیا و سەرۆکە سیاسیەکانمان بەجیا خۆش دەوێ، ھیچیان تێکەڵ بەیەک ناکەین، ئەم دوو بابەتە دوو مەسەلەی جیاوازن ناخرێنە یەک قاڵبەوە، ئەوان ناتوانن وانەی موسڵمانبوون بەئێمە بدەن".