پەرلەمانی تورکیا
چوار پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان مانگرتنیان ڕاگەیاند.
ھاوسەرۆکی پارتەکە ئەرتوغروڵ کورکچو لە روونکردنەوەیەکدا ھۆی مانگرتنەکەی بۆ رەتکردنەوەی داوای ئازادکردنی پەرلەمانتارە گیراوەکانی بەدەپە گەڕاندەوە و ئەو بڕیارەی بە دژی سیستەمی مافەکان و بڕیارێکی "زۆر نابەرپرسانە" وەسف کرد.
گوتیشی دادگاکان لە توانایاندا نییە بڕیارێکی لەو چەشنە بدەن.
کورکچو رایگەیاند، تا دادگای دەستوری وەستابێ, دادگاکانی تر ناکرێ بەرپرسیارێتی بریارێکی لەو چەشنە بخەنە ئەستۆی خۆیان.
کورکچو لە درێژەی ئاخاوتنەکەیدا ئاماژەی بە جیاکاری لە یاسا و مافدا کرد و رایگەیاند "یاسا بۆ تورکەکان و بۆ پەرلەمانتارە تورکەکان بەشێوەیەکە و بۆ کوردەکان و بۆ پەرلەمانتارە کوردەکان بەشێوەیەکی ترە" و جەختی کرد "دادگاکانی تورکیا بەم کارەیان ھەموو پرسێکی تایبەت بە قۆناغی ئاشتیان بۆمباران کردووە و دەرگایەکی نوێی دووفاقییان لە تورکیا کردۆتەوە."
کورکچو ئاماژەی بەوەدا کە لەم شەوەوە ئەندامان و لایەنگرانیان دەچنە سەر شەقامەکان تا دادگا لەو بڕیارە پاشگەز بکەنەوە و پێی وابوو ھێشتا ڕێی دادگا بەتەواوی نەگیراوە و دەکرێ بە پشگیریی شەقام لە سیاسیەکان دادگا لەو بڕیارەیان پەشیمان بکەنەوە.
کورکچوو لەبارەی درێژەپێدانی مانگرتنەکەیان وەک پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان گوتی "تاکۆتایی کارەکانی بودجە لە ناوپەرلەمان درێژە بە مانگرتنەکانمان دەدەین و ئەوکات ھەڵسەنگاندنێک بۆ کارەکان دەکەین."
ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان ئاماژەی بەوەدا ئەوان پێیان باش بووە مانگرتنێک بێ سەقفی زەمەنی بەئەنجام بگەیەنن، بەڵام دوای کارەکانی بودجە لەناو پەرلەمان پشوو دەست پێدەکا, ئەوکات مانگرتن لەناو پەرلەمان ھیچ واتایەکی نابێ. گوتیشی: "دوای ئەو کاتە بڕیار دەدەین کە بەردەوام بین یان نا."
لەلایەکی ترەوە سری سوریا ئۆندەر پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان لە گوتەیەکیدا ئاماژەی بە ناڕەوایی بڕیارەکەی دادگا دا و بە پێشێلکاری ڕێز و شکۆمەندی پەرلەمانی ناو تورکیای لەقەڵەم دا.
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا سەرجەم پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان بەرەو شوێنی دەستپێکی مانگرتنەکەیان بەڕێکەوتن.