مزگەوتی زەینەلعابدین و کلێسای مۆر یەعقوب کە سەدان ساڵە لە پاڵ یەکتردا مێواندارییان بۆ پەیڕەوانی دوو ئاینی جیاواز کردووە، چاوەڕوان دەکرێ بکەونە نێو لیستی ھەمیشەیی میراسی جیھانییەوە.
عەبدولحەمید جان قایمقامی نسێبین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە سەرانسەری تورکیا بە گشتی ١٣ شوێنی جیاجیا کەوتوونەتە نێو لیستی کاتی میراسی جیھانییەوە و ئەمە جێگای خۆشحاڵی ھەموو لایەکە. مزگەوتی زەینەلعابدین و کلێسای مۆر یەعقوبیش ئەوەندە گرنگییان ھەیە کە بکەونە نێو لیستی میراسی جیھانییەوە. لە نێو باخچەی مزگەوتی زەینەلعابدیندا گۆڕی زەینەلعابدین و سێتی زەیبنەی خۆشکی ھەیە، بۆ ئێمە ئەو مزگەوتە ناوەندێکی گرنگی ئاینییە، گۆڕی یەک لە نەوەکانی حەزرەتی حوسێنی نەوەی حەزرەتی محەمەدیش لە نێو ئەو مزگەوتەدایە. بە پێی نووسراوە عەرەبییەکانی سەر کێلی ئەو گۆڕانە مێژووی مزگەوتەکە بۆ ساڵی ١١٦٠ی دوای زاین دەگەڕێتەوە."
جان ههروهها گوتی: "کلێسای مۆر یەعقوب کە بۆ مەسیحییەکان زۆر گرنگە لە ساڵی ٣١٣ی پاش زایین دروستکراوە و شوێنێکی زۆر گرنگە بۆ مەسیحییەکان. پەیوەندی نێوان مزگەوتی زەینەلعابدین و کلێسای مۆر یەعقوب تەنیا پەیوەندی فیزیکی نییە، بەڵکو بە پێی سەرچاوە سریانییەکان کلیسای مۆر یەعقوب بۆ دروست کردنی مزگەوتی زەینەلعابدین بە بیانووی ئەوەی کە پارە لە رێ خوادا سەرف دەکرێ، پارەی سەرفی مزگەوت کردووە، لە ناوچەکەدا ئەو بیروڕایانە زۆر بەھێزن. سەرچاوە عوسمانییەکانیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە سەرچاوەی دارایی دروستکردنی ئەو مزگەوت و کلێساکە یەک رێکخراو ( وەقف) بووە. منارەی مزگەوتەکە ساڵی ١٩٥٦ لە لایەن وهستایەکی سوریانییەوە دروست کراوە و معماری مەسیحییەکانیش لە سەر بەشەکانی دیکەی مزگەوتەکەدا رەنگدانەوەی ھەیە."