Ramal Mahmood
18 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2016
هاتای - AA
وەقفی هاوکاری مرۆیی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ İHH، رۆژانە ٦٥ هەزار نان دەگەیەنن بەو هاووڵاتییە سڤیلانەی لە ناوچە گەمارۆدراوەکانی حەلەبەوە گوێزراونەتەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و خێزانەکانی دیکەی سووری.
İHH نانەواخانەیەکی لە بنکەی لۆجیستیکی شارۆچکەی رەیهانڵی سەربە پارێزگای هاتای کردووەتەوە کە رۆژانە دەیان هەزار نان بۆ ئاوارە سوورییەکان دروست دەکات.
نانەکان دابەش دەکرێت بەسەر ئەو ئاوارە سوورییانەی کە لە پارێزگاکانی حەما، ئیدلب و حومس لە ئاکامی جەنگدا زیانیان بەرکەوتووە و لە کەمپەکانی نزیک سنووری تورکیا گیرساونەتەوە. هەروەها نان بۆ ئەو ئاوارە سوورییانەش رەوانە دەکرێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە ناوچە گەمارۆدراوەکانی ژێر دەستی هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکانی لایەنگری رژێم بگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن.
لەماوەی نزیکەی سێ مانگدا پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار نان دروست کراوە و رەوانەی سووریا کراوە، لەم نانەواخانەیەدا، ٣٣ کەس هەفتەی شەش رۆژ کاردەکەن.
سەرپەرشتیاری نانەواخانەکە، سەبری کان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە دەیانەوێت بە دروستکردنی نان و رەوانەکردنی بۆ خەڵکی سووری بەشێک لە پێداویستییەکانیان دابین بکەن.
سەبری کان ئاماژەی بەوە دا کە هەوڵدەدەن رۆژانە ٢٤ کاتژمێر کار بکەن، گوتیشی: "ئێستا خەڵکی حەلەب بەدەست بێ نانییەوە دەناڵێنن. هەوڵدەدەین بەپەلە نان بۆ ئەو هاووڵاتییانە دروست بکەین و بنێرین کە لە حەلەبەوە ئاوارە بوون. بەهۆی کەمبوونەوەی ئارد چەند مانگێک لەمەوبەر ئەوان تووشی کێشەی گەورە هاتن لە دەستکەوتنی ناندا. بەهۆی گەیشتنی ئارد لە هەموو پارێزگاکانی تورکیا، دووبارە بە چڕی دەستمان کردەوە بە کار. نانی هاووڵاتییە لێقەوماوەکانی سووریا لە تورکیاوە دابین دەکرێت. جیا لە کێشەی نان ئەو ئاوارانە بەدەست نەبوونی خواردەمەنی، داوودەرمان و پۆشاکەوە دەناڵێنن".
سەبری کان سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا ئەگەر رۆژانە بەردەوام کار بکەن ١٥٠ هەزار نان دروست دەکەن، بەڵام بەهۆی کەمی ئاردەوە توانیویانە ٦٥ هەزار نان دروست بکەن.