Şerife Çetin
08 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2026
ڕاگەیاندراوی کۆتایی ٣٦ههمین لووتکەی سەرۆک دەوڵەت و حکومەتەکانی ناتۆ بڵاوکرایەوە، کە لە ڕۆژانی ٧-٨ی تەمووز بە میوانداری تورکیا لە ئەنقەرە بهڕێوهچوو.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە ئەنقەرە کۆبووبوونەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی پابەندبوونی نەگۆڕیان بە ماددەی پێنج، کە ماددەی بەرگریی بەکۆمەڵی ناتۆیە و بەستەرە ترانسئهتڵهنتیکییەکە و، هاتووە: "هێرشکردنە سەر هاوپەیمانێک، هێرشە بۆ سەر گشت هاوپەیمانان. یەکێتیی، هاودهنگی و هێزی بەکۆمەڵمان وەک بنەمای ئاشتیی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ یهك ملیار هاووڵاتی لە هاوپەیمانێتییەکەماندا کە لە نەتەوە ئازاد و دیموکراتەکان پێکهاتووە، بەردەوام دەبێت. ئێمە بەردەوامین لە پابەندبوونمان بە ڕوانگەی ٣٦٠ پلە بۆ بەرپەرچدانەوە و بەرگریی".
ههروهها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لهوه كراوه هاوپەیمانان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە درێژخایەنەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ئەورووپا-ئەتڵەنتیک و هەڕەشە بەردەوامەکانی تیرۆریزم، بەڵێنامەی بەرگریی لاهایان خستووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و، جەخت لەسهر ئهوە کرایهوە هاوپەیمانانی ئەورووپا و کەنەدا لە ساڵی ٢٠٢٥دا وەبەرهێنانەکانی خۆیان بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانی بەرگریی بە بڕی زیاتر لە ١٣٩ ملیار دۆلار زیاد کردووە.
- ڕێککەوتنی نوێی دابینکردن کە زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلارە
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە وەبەرهێنانەکان لە کاتێکدا توانای پێویست دابین دەکەن، هاوکات پیشەسازی بەرگریی و خۆڕاگرییش بەهێز دەکەن و، هاتووە: "ئەمڕۆ لە ئەنقەرە، ڕێککەوتنی نوێی دابینکردن ڕادەگەیەنین کە بڕەکەی زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلارە، بەڵێن دەدەین لەگەڵ کەرتی پیشەسازییدا کار بکەین بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ و خێراکردنی داهێنانەکان. بەردەوام دەبین لە ههوڵهكانمان بۆ نەهێشتنی بەربەستەکانی بازرگانیی بەرگریی لە نێوان هاوپەیماناندا، سوود لە هاوبەشییەکانی ناتۆ وەردەگرین بۆ گەیاندنی قووڵایی و هاریکاریی پیشەسازی بەرگریی بۆ بەرزترین ئاست".
ههر لە ڕاگەیاندراوەكهدا ئاماژە بەوە کراوە كه لهپێناو بنیاتنانی داهاتوو، ئامانجی بوونی ئەورووپایەکی بەهێزتر لە ناو ناتۆیەکی بەهێزتردا و نوێکردنەوەی هاوپەیمانێتییەکەیە سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی هاوپەیمانانی ئەورووپا و کەنەدا، لەگەڵ ئەمریکادا بەرپرسیارێتیی زیاتریان لە بەرگریی هاوپەیمانێتییەکەدا گرتووەتە ئەستۆ و، بەرپەرچدانەوە و بەرگریی ناتۆ، بەستراوەتەوە بە تێکەڵەیەکی گونجاو لە تواناکانی بەرگریی ئەتۆمی، کۆنڤانسیۆناڵ و مووشەکی کە لەلایەن هێزهكانی بۆشایی ئاسمان و سایبەرەوە پاڵپشتی دەکرێن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەسەر پێداگریی پاراستنی باڵادەستی جەنگی کراوەتەوە و، هاتووه: "وەبەرهێنان لە توانای جێگیرکردن، پشتیوانی كردن و دابینکردنی بەردەوامی هێزە چەکدارەکانماندا دەکەین. ئامانجە دیاریکراوەکان بۆ بەهێزکردنی تواناکانمان لە سەرجەم بوارەکاندا دەخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە، لەوانەش لێدانی ورد لە قووڵاییدا، بەرگریی یەکگرتووی ئاسمانیی و مووشەکی، سیستمە بێفڕۆکەوانەکان، تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکان و تواناکانی هەواڵگریی. هەوری جەنگی ترانسئهتڵهنتیكی هاوبەش پەرەپێدەدەین و مۆدێلی بەهێزی ژیری دەستکرد پەیڕەو دەکەین".
- پشتیوانی كردنی ئۆکراینا
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئۆکراینا بەشداری لە دابینکردنی ئاسایشی ترانسئهتڵهنتیكدا کردووە، هاوپەیمانان لەسەر پشتیوانی نەگۆڕیان بۆ بەرگریی کردن لە ئازادی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا یەکدەنگن و، هاتووه: "هاوپەیمانانی ئەورووپا و کەنەدا لە ئێستادا بەشێکی زۆری هاوکاریە ئەمنییەکانیان بۆ ئۆکراینا بە شێوازی دووقۆڵی و فرەلایەن دابین دەکەن. هاوپەیمانان جەخت لەوە دەکەنەوە پێویستە ئەم پشتیوانیه لە درێژخایەندا دادپەروەرانە، پێشبینیکراو و بەردەوام بێت. هاوپەیمانان بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەڵێنی دابینکردنی ٧٠ ملیار یۆرۆ لە چوارچێوەی کەرەستەی سەربازی، هاوکاری و پشتیوانی ڕاهێنان بۆ ئۆکراینا دەدەن و بەڵێنی سەروەریی خۆیان بۆ بەردەوامبوونی پشتیوانییهكانیان بە لانی کەمەوە لە هەمان ئاستدا بۆ ساڵی ٢٠٢٧ پشتڕاست دەکەنەوە".
هاوكات لە ڕاگەیاندراوەکەدا پێشوازی لە بڕیاری یەکێتیی ئەورووپا کراوە بۆ دابینکردنی دارایی بۆ چهندین ساڵ بۆ ئۆکراینا لە ڕێگای قەرزی پشتیوانی ئۆکرایناوه.
- ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە هاوپەیمانێتییەکە بەردەوامە لە وەڵامدانەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ پێشبڕکێ ستراتیجییەکان، ناسەقامگیرییە بەربڵاوەکان، هەڕەشەکان و ئەو قەیرانە دووبارەبووانەی ژینگەی ئاسایشی بەرفراوانتر دادەڕێژن و، هاتووە: "هاوپەیمانان جارێکی دیکە جەخت دەکەنەوە کە نابێت ئێران هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و داوا لە ئێران دەکەن بە تەواوی ڕێز لە ئازادی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بگرێت".
ههروهها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستهی تورکیا دەکەین بۆ ئەو میواندارییە جوان و بەخشندەیە. بە پەرۆشەوە چاوەڕێی کۆبوونەوەی داهاتوومان دەکەین".