Adsız Günebakan
17 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2022
عه‌نتاب – AA
سه‌ردانیكه‌رێكی زۆر روو له مۆزه‌خانه‌ی مۆزاییكی زێوگما له عه‌نتاب ده‌كه‌ن كه یه‌كێكه له مۆزه‌خانه مۆزاییكییه هه‌ره گه‌وره‌كانی جیهان و به به‌رهه‌می "كچه قه‌ره‌ج" به‌ناوبانگه.
مۆزه‌خانه‌ی مۆزاییكی زێوگما كه له‌سه‌ر رووبه‌ری ٣٠ هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه بونیاد نراوه كه ٢٥ هه‌زاری سهرداخراوه، سه‌دان به‌رهه‌می مۆزاییكی وه‌ك "كچه قه‌ره‌ج"، "په‌یكه‌ری مارس" و چه‌ندین كانی سه‌رده‌می رۆمه‌كان و ڤێلاكانی كه‌نار رووباری فورات تیایدا نمایش ده‌كرێن.
١٢ پارچه‌ی دیكه‌ی "كچه قه‌ره‌ج" كه دوای ٥٢ ساڵ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه راده‌ستی توركیا كرانه‌وه له مۆزه‌خانه‌كه‌دا نمایش ده‌كرێن و له‌گه‌ڵ هاتنی به‌هاریشدا سه‌ردانیكه‌ری زیاتر روو له مۆزه‌خانه‌كه ده‌كه‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌ی مۆزاییكی زێوگما، ئۆزگور چۆماك به په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ هاتنی به‌هاردا سه‌ردانیكه‌ری زیاتر روو له مۆزه‌خانه‌كه ده‌كه‌ن و گوتی: "مانگی داهاتوو له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی وه‌رزی گه‌شتیاریدا ژماره‌ی سه‌ردانیكه‌ران زۆر زیاد ده‌كات. هه‌ر ئه‌مڕۆ پێنج پاسی گه‌شتیاری كه گه‌شتیاری ئیسپانییان له‌نێودابوون هاتوونه‌ته ئێره، هه‌روه‌ها له بولگاریایشهوه گه‌شتیار هاتوون. زۆر دڵخۆشین به هاتنی گه‌شتیاران".
ئۆزگور چۆماك تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه تا دێت گه‌شتیارانی بیانی زیاتر سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌كه ده‌كه‌ن، گوتی: "له ٢٠٢١ مۆزه‌خانه‌كه‌مان یه‌كێك بوو له‌و مۆزه‌خانانه‌ی به به‌رزترین رێژه سه‌ردانی كرا و ژماره‌ی سه‌ردانیكه‌ران گه‌یشته ٢٥٥ هه‌زار. له‌و باوه‌ڕه‌دام له ٢٠٢٢ ژماره‌كه بگاته ٥٠٠ هه‌زار".
رێبه‌ری گرووپی گه‌شتیاره بولگارییه‌كان، ره‌فیقه توركه‌ر به ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه گه‌شتیارانی بولگاریا حه‌زیان لێ بوو مۆزه‌خانه‌كه به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه و به ناوچه‌كه‌دا بگه‌ڕێن، گوتی: "گه‌شتیاره‌كان مۆزه‌خانه‌كه‌یان زۆر به‌دڵ بوو. ئه‌مه دووه‌م گهشتمانه. له رۆژانی داهاتوودا گه‌شتی دیكه‌یش رێك ده‌خه‌ین".

شوێنه‌وارناسی بولگاری، ئهكاتێرینا بۆینۆڤاش گوتی: "بینینی ئه‌و شوێنانه‌ی له مێژوودا خوێندووتن چێژێكی زۆر تایبه‌ت به مرۆڤ ده‌به‌خشێت".
جۆناتان كۆهێن كه هاووڵاتییه‌كه‌ی فه‌ڕه‌نسییه ئاماژه‌ی به‌وه دا، له‌سه‌ر پێشنیازی هاوڕێكانی هاتووه‌ته مۆزه‌خانه‌كه و بینینی به‌رهه‌مه مۆزاییكییهكانی وه‌ك "كچه قه‌ره‌ج"، "ساتیر" و "ئانتیلۆپ" زۆر سه‌رنجی راكێشاون.
ئه‌مره سیڤریهیسارلی-یش كه له ئیستانبوڵه‌وه هاتووه تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه باسكردنی مۆزه‌خانه‌كه زۆر جیاوازه له‌وه‌ی خۆت بێیت و له نزیكه‌وه بیبینی.
