Muhammet Ali Kemal
15 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2015
ئەنقەرە
پرۆفیسۆر دکتۆر عەزیز سانجار هاووڵاتی تورکیا و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری کیمیادا، ئاماژەی بەوە کرد کە جگە لەو کارەی کە خەڵاتی نۆبڵی پێ بردووتەوە، لە ئێستادا لەسەر کارێکی دیکەی گرنگ کاردەکات و گوتی: "نەخشەی نۆژەنکردنەوەی گێنۆم دەکێشین. بەرەوپێشچوونی نوێ لەوبارەیەوە هەیە. (DNA)مان لەسەر هەموو ئاستەکانی گێنۆم ئەنجام داوە. ئەمە شتێکی زۆر نوێیە. ئنشائەڵڵا ئەوەش بڵاودەکەینەوە".
سانجار كە لەستۆكهۆڵمەوە گەیشتە فڕۆكەخانەی ئاتاتورك و لەوێوە چوو بۆ ئەنقەرە، لە روونكردنەوەیەكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە كرد كە خۆشحاڵە بە هاتنی بۆ توركیا و گوتی: "زۆر دڵخۆشم، بەهۆی ئەو بایەخەوە كە پێم دەدرێت، قەرزاری هەمووتانم. هەوڵ دەدەم لە ئاست چاوەڕوانییەكانتاندا بم. ئەمە جگە لەوەی لەبەر ئەوەی هاتوومەتەوە بۆ نیشتمانەكەم زۆر دڵخۆشم".
سانجار زانیاری سەبارەت بە بەرنامەی سبەی دا و باسی لەوە كرد كە لەگەڵ هەریەك لە سەركۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكوەزیران ئەحمەد داودئۆغڵو و سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیا ژەنەراڵ هولوسی ئاكاردا كۆدەبێتەوە.
عەزیز سانجار سەبارەت بە دەعوەتنامەكەی سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "شانازییەكی زۆرە بۆ من. ئەوە تێگەیشتم كە گەلەكەم بەهایان بۆ داناوم. زۆرم پێ خۆشبوو. بەراستی نازانم چۆن گوزارشتی لێ بكەم بەڵام نەمدەزانی كە ئەوەندە سوودی بۆ گەلەكەم دەبێت. هەر خۆشبن. هەمووان بایەخی خۆیان نیشان دەدەن هەر لە بەرزترین ئاستی وڵاتەوە تاوەكو وەزیرەكان و تەنانەت بۆیاخچییەكانیش. ئەمە بووە مایەی دڵخۆشی بۆ من".
سانجار كە بەهۆی لێكۆڵینەوەكانی سەبارەت بە چۆنێتی نۆژەنكردنەوەی خانەكانی زیانمەندبووی (DNA) و نەخشەسازی پاراستنی زانیارییەكانی بۆماوەیی، خەڵاتی نۆبڵی بەدەستهێنا، سەبارەت بە لێكۆڵینەوە و كاری دووەمی رایگەیاند "كاری گرنگمان بەدەستەوەیە. نەخشەی نۆژەنكردنەوەی گێنۆم دەكێشین. بەرەوپێشچوونی نوێ لەوبارەیەوە هەیە. (DNA)مان لەسەر هەموو ئاستەكانی گێنۆم ئەنجامداوە. ئەمە شتێكی زۆر نوێیە. ئینشائەڵڵا ئەوەش بڵاودەكەینەوە". ئاماژەی بەوەش كرد كە پێش ئەوەی وردەكارییەكان بڵاوبكەنەوە، ناتوانێت هیچ روونكردنەوەیەك لەوبارەیەوە بدات.
دواتر سانجار رایگەیاند "دوای تەواوبوونی كارەكانم لە ئەنقەرە دەگەڕێمەوە ئەمریكا و كاری زۆر گرنگمان بەدەستەوەیە. پێویستە ئەوانە تەواو بكەین و بڵاویان بكەینەوە".