شرنەخ
لەمیانی سەردانی شاندی پارتی گەلی کۆماری CHP بۆ ناوچە کوردییەکان، چوونە گوندی (رۆبۆزکێ) کە دوو ساڵ لەمەوبەر بەھۆی بۆردمانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا ٣٤ کەسیان لێکوژرا.
شاندەکە بەسەرۆکایەتیی (حەسەن ئۆرەن) بەھاورێیەتی ھەریەکە لە (سەزگین تانرکولو) یاریدەدەری سەرۆکی گشتی CHP و چەند پەرلەمانتار لەرۆبۆسکێ سەرخۆشیان لە ماڵباتی قوربانیانکرد.
حەسەن ئۆرەن سەرۆکی شاندەکە لەناو کەسوکاری قوربانییان گوتی" ئەمە ئازارێکی بەسوێیە ھەست بەئازارەکانتان دەکەین.
دنامانەوێ چیتر دایکان رەشپۆش بن، ئێمە باش دەزانین ماڵباتی قوربانییان چاوەڕێی دەکەن حکومەت ئەنجامدەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە بدرێنە دادگا، ئەمە پرسی گوندێک یا ناوچەک نییە بەتەنیا، بەڵکو ئەمە پرسی تورکیایە بەگشتی حیزبەکانی تورکیایە. ئەو کەسانەی فرمێسک بۆ میسرو رابیعە دەڕێژن چۆن دەبێ ھەست بەئازاری دایکێکی جەرگ سووتاوی رۆبۆسکێ نەکەن. ئەمە نیشانی دەدا ئەو کەسانە ھیچ دڵسۆز نین".
سەزگین تانرکولو، یاریدەدەری سەرۆکی گشتی CHP نیگەرانی خۆی دەرخست بۆ ئەوەی تا ئێستا لەبارەی ئەو رووداوە خوێناوییە ھیچ ئەنجامێک دەرنەکەوتووە، تانرکولو گوتی "بۆ ئەم پرسە تا ئێستا ھیچ چارەسەرێ نەدۆزراوەتەوە ٦٢٥ رۆژە رووداوەکە قەوماوەو ئەنجامدەرانیش دەستگیرنەکراون. ئەگەر حکومەت بیوستایە لە١٥ رۆژدا دەیتوانی ئەنجامدەران دەستگیر بکا، بەڵام ھەموو کەس دەزانێ کاتێ دز لە ماڵەوەبێ پێویستی بە کلیل نییە. لە بەر ئەوە ئەنجامدەران لەناو ماڵن. ھەمووان داوا لەحکومەت دەکەن بە زووترین کات ئەنجامدەران دەستگیربکرێ و ئاشتی بێتە ئاراوە".