ئەنقەرە
جەمییل چیچەک سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی پەرلەمان لە ھەر حاڵەتێکی نەخوازراوی ئەمنی, پێویستە سەرجەم پەرلەمانتاران و کارمەندانی پەرلەمان پابەندی ئەو ڕێوشوێن و یاسایانە بن کە تازە دەرکراون.
چیچەک گوتی بەئاشکرا بینراوە ھەندێ پەرلەمانتار یاسا و رێنماییە ئەمنییە نوێکان پێشێل دەکەن و زۆریان باجی چوونەژوورەوە بە بەرۆکیانەوە ناکەن.
ئاماژەی بەوەشدا چەندین جار بینراوە ھەندێ کارمەند تا درەنگانی شەو لەناو بینای پەرلەماندا ماونەتەوە و میوانی بیانییان ھێناوەتە نێو تەلاری پەرلەمان، ئەمەش لەگەڵ یاسای نوێی ناو پەرلەماندا ناگونجێ.
ھەروەھا گوتی، پەرلەمان ڕۆژی چوارشەمانی دیاری کردووە بۆ سەردانی کەسانی دەرەوەی پەرلەمان و لەوەبەدەر، لە کاتەکانی تردا کەس مافی نییە میوان بێنێتە ژوورەوە.
باسی لەوەش کرد ئەو بڕیار و رێنماییە تازانەی لە پەرلەمان دەرچوون بۆ پتەوکردنی باری ئاسایشی ناو پەرلەمان و ڕێگریکردنە لە ھەر ڕووداوێکی نەخوازراو.
جەختیشی کرد: "لە ھیچ پەرلەمانتارێکی قبوڵ ناکەین ئەو یاسایانە پێشێل بکا."