Kaan Bozdoğan
25 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2026
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند کە تاکە چارەسەر بۆ پاراستنی ئیستانبوڵ، شارسازی نوێیە و لەوە گرنگتر نییە.
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕاکێشانی تیروپشک لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمێک بە ناوی "تورکیای خاوەن ماڵ" لە ئیستانبوڵ گوتارێکی پێشکەش کرد.
لەسەرەتای گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە هەوڵەکانی خزمەتگوزاری پێشکەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بە هاووڵاتیان کرد و گوتی: "بە ڕێگەی تۆکی (پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون)، یەک ملیۆن و ٧٦٢ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون ڕادەستی گەلەکەمان کراوە. لەسەر ئاستی ئیستانبوڵ ٩٨٦ هەزار و لەسەر ئاستی سەرانسەری تورکیا دوو ملیۆن و ٢٦٢ هەزار یەکەی نیشتەجێبوومان نۆژەن کردووەتەوە".
گوتیشی: "لەسەر ئاستی ئیستانبوڵ ڕەوتی دروستکردنی ٢٣٢ هەزار و ٥٣٣ یەکە و هەروەها نۆژەنکردنەوەی ١٢٥ هەزار یەکە بەردەوامە".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "تاکە چارەسەر بۆ پاراستنی ئیستانبوڵ، شارسازی نوێیە. لەوە گرنگتر نییە".
سەرکۆمار ئەردۆغان بانگەوازی لە هاووڵاتیانیش کرد کە بە پیر بانگەوازی کەمپێنەکان و دەرفەتەکان بچن بۆ ئەوەی باڵەخانەکانیان نۆژەن بکەنەوە.
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەشی لە ئۆپۆزسیۆن وڵاتەکەی گرت و گوتی: "لە ڕۆژەڤی ئێمەدا بۆ دۆخی ئیستانبوڵ ئەوە گرنگە بە هەموومانەوە شان وەبەر گرفتەکان بدەین. لە ڕۆژەڤی ئەوانیش بورجی پارە (گەندەڵی) هەیە".