Tezcan Ekizler
13 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2022
ئیزمیر – AA
خواردنی سۆغوش کە هەرچەند لە ناوچەکانی دیکەی تورکیایش ئامادە دەکرێت، بەڵام زیاتر وەک چێشتە بەتاموچێژەکەی ئیزمیر ناوبانگی دەرکردووە، بریتییە لە تێکەڵکردنی ئەو گۆشتەی لە کەللەی بەرخ دەردەهێندرێت و لەگەڵ سەوزە پێشکەش دەکرێت.

وەستاکانی دروستکردنی سۆغوش رۆژێک پێشتر دەست بە ئامادەکارییەکانیان دەکەن، دوای ٤-٥ کاتژمێر لە کوڵاندنی کەللەی بەرخەکان، دواتر بە ئاوی سارد دەیشۆنەوە و رای دەگرن. دواتر مێشک، زمان و روومەت و چەوریی بەشی چاوەکانی کەللەکان جیا دەکەنەوە، دوای دڵنیابوونەوە لەوەی ئێسک لە کەللەکەدا نەماوە، دەخرێتە سەر مێز. لە کاتی سازکردنی سۆغوش زمان و دڵ زیاتر بەکاردەهێندرێت و بەپێی خواستی کڕیار دەتواندرێت مێشکی تێ نەکرێت.

کڕیاران زیاتر بە شێوەی لەفە و بابۆڵە داوای سۆغوش دەکەن، جگە لە تێکەڵاوی گۆشت هەروەها پیاز، مەعدەنووس و تەماتەی تیادا بەکار دەهێندرێت و بەهاراتی بەسەردا دەکرێت.
لەوەند ئینجەئۆغڵو کە شوێنی فرۆشتنی سۆغوشی هەیە لە بازاڕی کەمەرئاڵتی دێرین لە ئیزمیر بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە ٢٠٠٩ەوە ئەم کارە دەکات، گوتی: "لە فرۆشگاکەمدا کە نزیکەی ٥٠ مەتر چوارگۆشەیە رۆژانە نزیکەی ١٥٠ جێ سۆغوش ئامادە دەکەم. ئەو کەللە بەرخانەی لە باڵکئەسیرەوە دێن زۆر بە تامن. رۆژانە کەللەمان بۆ دێن. تەنها کەللەی بەرخ بۆ ئامادەکردنی سۆغوش دەبێت، کەللەی گۆلک بۆ ئەمە نابێت".

سەرۆکی کۆمەڵەی خوانسازانی ئیزمیر و سەرۆکی بەشی هونەری خوانسازی لە زانکۆی ٩ی ئەیلوول، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر تورگای بوجاک بە ئاماژەدان بەوەی کە سۆغوش لە سەرچاوە کۆنەکان بە 'تاندرباش' ناوی هاتووە، گوتی: "ئەم جۆرە چێشتە مێژوویەکی ٥٠٠ ساڵەی هەیە. بەپێی بەشێک لە گێڕانەوەکان کولتووری سازکردنی ئەم چێشتە لە بەڵقانەوە بۆ ئێرە هاتووە".
