Zafer Fatih Beyaz,Sarp Özer
10 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
لە ڕێوڕەسمێکی دەوڵەتدا کە لە مەزاری ئەتاتورک (ئانتکابیر) بەڕێوەچوو، یادی ٨٥ مین ساڵەی کۆچی دوایی سەرکردەی گەورە مستەفا کەمال ئەتاتورک کرایەوە، کە دامەزرێنەری کۆماری تورکیایە.
ڕێوڕەسمەکە لە کاتژمێر ٠٨:٤٥ خولەکدا، بە ڕێپێوانی شاندی دەوڵەت لە ڕێگای ئاسڵانڵی دەستی پێ کرد.
لەو شاندە باڵایەی دەوڵەتدا کە سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکرد، هەر یەک لە سەرۆکی پەرلەمان، نوعمان کورتوڵموش و ئەندامانی کابینەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل و سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی و سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی، مەرال ئاکشەنەر و سەرۆکی دەزگاکانی دادگای باڵا و فەرماندەی باڵای سوپا و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، بیرۆکرات و بەرپرسانی دیکەی دەوڵەت بەشدار بوون.
سەرکۆمار ئەردۆغان چەپکە گوڵی لەسەر مەزاری ئەتاتورک دانا کە بە گوڵی سوور و سپی نەخشی مانگ و ئەستێرەی لەسەر نەخشێندرابوو.
دواتر لە کاتژمێر ٠٩:٠٥ خولەکدا، کە ساتی کۆچی دوایی ئەتاتورکە لە ٨٥ ساڵ بەر لە ئێستا، بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە ساتێک بۆ ڕێز ڕاوەستان و پاشان مارشی نیشتمانیی لێدرا.
لە میانی ڕاوەستانەکەدا ئاڵای تورکیا بۆ نیوە داگیرا، پاشان شاندەکە سەردانی تاوەری میساقی نیشتمانی کرد و سەرکۆمار ئەردۆغان یاداشتێکی لە دەفتەری تایبەتی یادەوەری مەزارەکەدا نووسی.