Mohammed Baqi Hussein
06 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2016
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی A Haber، وەڵامی پرسیارەكانی سەبارەت بە رۆژەڤەكانی دایەوە.
داودئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی هەدەپە، گوتی: "سەرەتا پێویستە لەبارەی پارێزبەندی بگەینە رێككەوتن. من پێموایە پێویستە تا كۆتایی بەرگری لە پەرێزبەندی لە پەرلەمانتار بكەین لەنێو پەرلەماندا كاتێك وتاردەدات، ئەگەرچی خاوەنی پێشێلكارترین بیروبۆچوونیش بێت. دەیەوێت چی باس بكات با بیكات، بەناوی گەلەوە قسەدەكات و هیچ كەس ناتوانێت دەستی بۆ ببات. بەڵام ناكرێت سەردانكردنی پرسەی دڕندەیەك كە بۆتەهۆی گیان لەدەستدانی 29 كەس لەچوارچێوەی حەسانەدا سەیربكرێت."
داودئۆغڵو بەمجۆرە درێژەی بە باسەكە دا،"لەم رۆژانەدا لەبەر ئەوەی پرسی پارێزبەندی لە رۆژەڤدا هەیە، ناردنی ئەم سكاڵانامانە وەك دۆخێكی نوێ سەیر دەكرێت. نەخێر، كارێكی رۆتینە، پێشتریش بەهەمان شێوە سكاڵانامەی زۆر نێردراون. دوای تاوتوێكردنی بوودجە، ئەمڕۆ هەموو ئەو بابەتانە پێكەوە هەڵدەسەنگێنین. ئەو سكاڵانامانەی نێردراون بۆ پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و ئەگەر پێویست بكات لەگەڵ نوێنەری پارتەكانی دیكەیش تاوتوێیان دەكەین. چونكە بابەتێكە پەیوەندی بە شكۆی پەرلەمانەوە هەیە. دڵنیام جەهەپە و مەهەپە و پەرلەمانتارە خاوەن ویژدان و ماقووڵەكانی هەدەپەش، چوونی ئەو پەرلەمانتارەیان بۆ پرسەی تیرۆریستیك قبووڵ نەبووە".
سەرۆكوەزیرانی توركیا لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەكان دوا و گوتی: "كوێی دیكە پێویستی پێی بێت، لەوێش ئەنجام دەدرێت. ئەمە پرۆسەیەكە و پێویستی بە ئارامگرییە. بۆ هەموو ئەو شوێنانەی رۆیشتووم، زانیاریم لێوەرگرتوون. ئێستا لێرەدا نامەوێت بە ناوهێنانی ئەو شوێنانەی دیكە كە پێویستە ئۆپەراسیۆنی تێدا بكرێت، سەرنجی هیچ كەسێك راكێشم. بەڵام ئێمە دەزانین كوێ هەستیارە و پێویستی پێیەتی. ئێمە دەزانین ئەو ناپاكانە لە كوێ مۆڵگەیان داكوتاوە. بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی هەموو ئەو مۆڵگانە، لە هەموو شوێنێكی ئەم وڵاتە، لە ئیستانبوڵ، كۆنیا، ئەنقەرە و ئزمیر، تا ئەو دەمەی دۆخەكان ئاسایی دەكرێنەوە و لەهەموو ئەم شوێنانەی كە پێویستیان پێیەتی، ئەو كارەی پێویست بێت ئەنجام دەدرێت. بەڵام بە ژمارەیەكی زۆر نا''.
داودئۆغڵو لەبارەی گەڕاندنەوەی فەتحوڵڵا گیولەن بۆ توركیا گوتی: "پێشهاتی نوێ لە ئارادا نییە. توركیا لە هەوڵەكانی بەردەوامە لە رێگەی پەیوەندی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمریكا و لە چوارچێوەی یاساكانی نێودەوڵەتیدا. ئومێدەوارم كە بەزووترین كات ئەنجامێكی هەبێت.بەرەنگاربوونەوەی پێكهاتەی هاوتەریب بێ هیچ جیاوازییەك لە نێوان دامەزراوەكانی حكوومەتدا، بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت''.
سەرۆكوەزیران سەبارەت بە دانانی بەڕێوەبەرێك بۆ رۆژنامەی زەمانیش دوا و گوتی: ''ئەمە بە تەواوەتی پرۆسەیەكی یاساییە. پێویستە هیچ كەسێك گومانی نەبێت سەبارەت بە بابەتی ئازادی رۆژنامەوانی لە توركیا، بەڵام هەموومان جیاوازی لەنێوان ئەوەی وەك چالاكی میدیا نیشان دەدرێت و ئەو چالاكییانەی لەپشت ئەوەوە دەكرێن، دەزانین. لە توركیا ژمارەیەكی زۆر دەزگا و ئۆرگانی راگەیاندن هەن كە رەخنە لە حكوومەت دەگرن و شتی لەسەر دەنووسن. هیچ رێوشوێنێكی یاسایی لە دژی هیچ كامێكیان ناگیرێتە بەر، چونكە رەخنەگرتن سرووشتیترین مافە. بەڵام ئەوەی لێرەدا بوونی هەیە تەنها چالاكییەكی رۆژنامەوانیی نییە، بەڵكو خاڵێكە پێی گەیشتووین لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێك دژی حكوومەتێكی هەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە و هەموو دامەزراوەكانی ئەو حكوومەتە هەر لە رابردووەوە كراوەتە ئامانج. هەر لەبەر ئەوە لەو رۆژنامەیەدا باس لە سپیكردنەوەی پارە و چەندین كاری دیكەی پێكهاتەی هاوتەریب دەكرێت كە سكاڵانامەیەكی یاساییان لەسەر ئامادەكراوە و ئەوەی ئەم پرۆسەیەش بەڕێوە دەبات دامەزراوە دادوەرییەكان و سیستمی دادوەرییە و بەدڵنیاییەوە هیچ ئاراستەكردنێك لەلایەن حكوومەتەوە دژ بەو رۆژنامەیە ئەنجام نەدراوە. ئەمە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دامەزراوە دادوەرییەكانە''.