مانیلا
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو كە لە مانیلای پایتەختی فیلیپینە دوای سەردانی بۆ شوێنی ئاسەوارە مێژووییەكانی ئەو وڵاتە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: "سەردانەكەم بۆ فیلیپین لە زۆر بواری جیاجیادا گرنگە و دوای 65 ساڵ بەردەوام بوونی پەیوەندی دیپلۆماسی ئەمە یەكەم جارە لەسەر ئاستی سەرۆكوەزیراندا لە توركیاوە سەردانی فیلیپین بكرێت".
داودئۆغڵو لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێك لەبارەی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا گوتی: "رۆژێك پێش ئەوەی ئەم سەردانە ئەنجام بدەین، كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ ئەو لێژنەیەدا كرد كە تایبەتە بە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و لەگەڵ دامەزراندنی حكوومەتی توركیادا، دامەزراوە. ئێمە لەو كۆبوونەوەیەدا باسمان لە بارودۆخەكە كرد و گفتوگۆمان لەسەر ئەوە كرد كە چۆن دەتوانین كاریگەری نەرێنی خۆپیشاندانەكانی كۆبانێ لەسەر حكوومەت، قۆناغی چارەسەری و خەڵك لا ببەین".
داودئۆغڵو لەبارەی لێدوانەكانی هەدەپەیشەوە گوتی: "هەڵوێستی حكوومەتی توركیا لە بەرامبەر ئەو پرسەدا روون و ئاشكرایە، پێش دوو رۆژ دووبارە جەختمان لەوە كردەوە كە قۆناغی چارەسەریی تەنیا بەپاراستنی ئاسایش و ئارامی رای گشتی دەتوانێ سەركەوتوو بێت چونكە ئەو قۆناغە، قۆناغی قەیران و ئاڵۆزیی نییە و قۆناغێكیش نییە كە هەركەس بەپێی ویست و ئارەزووی خۆی پلان و بەرنامەكانی جێبەجێ بكا بەڵكو قۆناغێكە هەموو چین و پێكهاتەكانی توركیا بەبێ هیچ جۆرە جیاوازییەكی ئایینی و ئەتنیكی هاووڵاتی یەكسانی توركیا بن و بە شێوەیەكی یەكسان و بەبێ هیچ جۆرە جیاوازییەك لە هەموو جۆرە ماف و ئازادییەك سوودمەند بن. هەر لەو چوارچێوەیەدا ماوەی 12 ساڵە حكوومەتی ئێمە هەنگاوی وای ناوە كەس بیری لەوە نەدەكردەوە هەنگاوێكی بەو جۆرە بنرێت بەڵام رووداوەكانی 6 و 7ی تشرینی یەكەم هەڵمەتێك بوو هەم لە دژی حكوومەت و هەم لە دژی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد بەڵام لێدوانەكانی ئەم دوایەی هەدەپە نیشانەی ئەوەن كە ئەوانیش هەستیان بەو راستییە كردووە و لە راستیدا لێدوانەكانیان جۆرەیەك رەخنە لەخۆ گرتنە و چاوەڕوانی ئەوەین لەمە بەدواوە هەدەپە لە چوارچێوەی ئەو لێدوانانەدا هەڵسووكەوت بكات".
داودئۆغڵو لە کۆتاییدا گوتی: "پێش ئەوەی لە توركیا دەربچم لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیادا قسەم كردو رامسپارد كە ئەو دیدارانە لەگەڵ شاندی هەدەپەدا ئەنجام بدات، لێرەیشەوە چاودێری رەوشەكەمان كرد و پێشتر و دواتریش لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیران یاڵچین ئاکدۆغاندا قسەمان كرد و باسمان لە قۆناغی چارەسەری كرد، ئەو دیدارانە درێژەیان دەبێ بەڵام بەو مەرجەی كە هیچ كەس و لایەنێك بەناوی قۆناغی چارەسەرییەوە، هەوڵ بۆ تێكدانی ئاسایش وئارامی توركیا نەدات و تا ئەوكاتەی كەس گوشار نەخاتەسەر هاووڵاتیانی كورد ئەو جۆرە دیدارانە بەردەوام دەبن. پێداگریی و بڕیاری حكوومەت بۆ بەرەو پێشەوە بردنی قۆناغی چارەسەری بەردەوامە و لەمە بەدواوەیش ئەو هەڵوێستەمان بەردەوام دەبێت و پاش گەڕانەوەم بۆ توركیا لەگەڵ هاوڕێكانمان كۆ دەبینەوە و باس لە بارودۆخەكە دەكەین و دواتر سەردانی عێراق دەكەم و پێش ئەوەی سەردانی عێراق بكەم لەو بارەیەوە كە لە داهاتوودا بۆ قۆناغی چارەسەری چی پێویستە ئەنجام بدرێت زانیاری پێویست وەردەگرم و لەو چوارچێوەیەدا بڕیاری پێویستیش رادەگەیەنین".