وان
لە شاری وان جیازەکان بێ لێفەی خوری نابن، ئەو لێفانە لە ئەنجامی كارێكی چڕ و پڕ، بە ماندوبوونی دەست و نوری چاوان دروستدەكرێن.
ژمارەیەك خێزانی ناوچەكە خۆیان لێفەی خوری بۆ ناوی جیازەکانیان دروست دەكەن و هەندێك خێزانی دیكەش پێیان باشە لە كەسانی دیكەی بیكڕن.
ئەو كچە گەنجانەی كە خۆیان لێفەكان دروست دەكەن، خوری لەو مەڕانەوە لێدەكەنەوە كە خێزانەكانیان بەخێوی دەكەن، خورییەكان دواتر لە رووبارەكاندا دەشۆردرێن، لەگەڵ شتنەوەدا دەكوترێنەوە، دواتر لەبەریەك هەڵدەوەشێنرێت و دەخرێنە نێو چەرچەفی رەنگاورەنگەوە. ئەو چەرچەفانەش هاوشێوەی لێفەكانی خوری بە ناڕەحەتییەكی زۆر دروست دەكرێن و جاری وا هەیە دوورینەوەیان چەند رۆژێك دەخایەنێت، بەستایلی جوان و بەشیوەیەكی سەرنجراكیش خووری دەخرێتە نێو چەرچەفەكانەوە و لێفەی لێ دروست دەكرێت و جیازەکانی پێ دەرازێنرێتەوە.
یەكێك لەو ژنانەی لێفە دەدوورێت ناوی دیلەك نارینچە و لە روونكردنەوەیەكدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆلو رایگەیاند لە ناوچەكەدا هیچ جیازێك بێ لێفەی خوری نابێت.
لای خۆیشییەوە شەوكەت كرار كە ماوەی 20 ساڵە لە شارەكەدا خەریكی كاری لێفە فرۆشتنە رایگەیاند چوار جۆر لێفە دروست دەكرێن كە بریتین لە لێفەكانی خوری، سلیكۆن، لۆكە و ئیسفەنج، بەڵام لێفەی خوری لەهەموویان زیاتر داواكاری لەسەرە.
كرار ئاماژەی بەوە كرد لێفەی خوری بە ستایلی جیاواز دروست دەكەن و رایگەیاند "ئەو لێفەیەی كە كاری دەستە بەبەراورد بە ئەوانەی ئامادەكراون قورسترە. دەتوانین ئەو لێفانەی كاری دەست نین لە رۆژێكدا ئامادە بكەین بەڵام ئەو لێفانەی كاری دەستن تا ئامادەدەكرێن چەند رۆژێكی دەوێت. نرخەكانیشیان بەگوێرەی ئەوە دەگۆڕێت. لێفەكانی خوری زیاتر داواكارییان لەسەر ئەگەرچی ئامادەكراو یاخود كاری دەست بن''.
كرار ئاماژەی بەوەكرد هۆكاری هەڵبژاردنی لێفەی خوری بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە ئارەقت پێ ناكات و گوتی: "ئەو لێفانە سروشتی تر و تەندروست ترن. ئەگەرچی تەكنەلۆجیا وا بكات ئیشی دەست لەناوبچێت، بەڵام دیسان هاووڵاتی واز لە لێفەی خوری ناهێنێت. لە وەرزی پرۆسەكانی هاوسەرگیریدا كە وەرزی هاوینە بازاڕی فرۆشتنی لێفەی خوری گەرم دەبێت".
كرار ئەوەشی گوت: "لێفەی خوری تەنها ئەوانە بەكاری ناهێنن كە تازە هاوسەرگیریان كردووە، بەڵكو زۆرێك لە هاووڵاتییان بەكاری دەهێنن".