ئەنقەرە
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، باسی دەرباز بوونی عێراق لەو قەیرانەی تێی کەوتووە و بۆ رەواندنەوەی تارمایی شەڕی تایفیی و مەزهەبیی، حکومەتی بنکە فراوانیان بە چارەسەری سەرەکی زانی.
هەردوولا پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراق و یەکێتیی سیاسی ئەو وڵاتەیان بەستەوە بەشدارییەکی کارا و راستەقینەی پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، هەروەها جەختیانکردەوە لەسەر پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی بنکە فراوان لە عێراق.
پرسی رەوشی تازەی موسڵ و کەرکوک ئازادکردنی ئەو تورکانەی لە عێراق لە لایەن چەکدارانی داعش رفێنراون، یەکێکی دیکەبوو لە باس و خواسەکانی دیداری بارزانی و ئەردۆغان.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتوویەتیکە نیگەرانی ئەو بارودۆخەیە لە عێراق پێشهاتووە و پێشنیازی بەشداری پێکردنی راستەقینەی پێکهاتەکانی کردووە لە بەڕێوەبردنی عێراقدا.
هەروەها بۆ رزگارکردنی عێراق لە گیرۆدە بوون بە شەڕی مەزهەبیی و تایفیی، پێویستە رێککەوتنی نیشتمانی ئەنجام بدرێ و حکومەتێکی بنکە فراوان پێک بهێنرێ.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە تورکیا دەستی ھاوکاریی بۆ ئەو خەڵکە مەدەنییە درێژ دەکا کە لە چوارچێوەی شەڕەکانی ئەم دواییە زەرەرمەند بوون، بۆ ئەو مەبەستە لە ١٢ی حوزەیرانەوە دەستی بە ناردنی ھاوکاری مرۆیی کراوە.
هەروەها لەسەر پرسی ھاوکاری وزە لە نێوان تورکیا و کوردستان، ئەردۆغان و بارزانی لەو بارەیەوە قسەیان کردووە و رژد بوون لەسەر ئەوەی پەرە بەو پەیوەندییانە بدرێ.