Zeynep Duyar, Zahir Sofuoğlu
03 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2026
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو ڕایگەیاند کە لە بارەی پڕۆژەی ھێڵی ئاسنینی مۆدێرنی حیجاز لەگەڵ سعوودیە لە گفتوگۆدان و ئاماژەی بەوەشدا کە جگە لە ئێران، گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ ھەموو وڵاتانی کەنداو ئەنجام دەدرێن.
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو بووە میوانی دێسکی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو و گوتی: " (ھێڵی ئاسنینی مۆدێرنی حیجاز) لەگەڵ سعوودیە لە گفتوگۆداین و لە قۆناغی یەکەمدا پلانمان ھەیە بچینە سعوودیە و لەوێشەوە بۆ گەرووی ھورمز".
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا گوتیشی: "حەوت لەو نۆ کەشتییە تورکییانە لە گەرووی ھورموز داوای دەرچوونیان کردووە وئێمەش بەدواداچوون بۆ ئەو داواکاریانە دەکەین".
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا لەبارەی ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ وڵاتانی ناوچەکە گوتی : "جگە لە ئێران، گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ ھەموو وڵاتانی کەنداو ئەنجام دەدرێن".
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە پڕۆژەی (ڕێگای گەشەپێدان) کرد و ڕایگەیاند کە قۆناغی ئامادەکردنی پڕۆژەکە کە بە درێژایی ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر لە بەندەری فاو لە عێراق تا کەنداو و سنووری تورکیا دڕیژ دەبێتەوە، تەواوکراوە.
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ڕوونیشی کردووە کە پڕۆژەی (ڕێگای گەشەپێدان)، بە بوودجەیەکی نێودەوڵەتی و بە ھاوبەشی نێوان ئیمارات، قەتەر، عێراق و تورکیا جێبەجێ دەکرێت.
گوتیشی: "ئەگەر ئەمڕۆ ئەم پڕۆژەکانی ڕێگای گەشەپێدان ھێڵی ئاسنینی حیجاز تەواو بکرایەن، ئەوا جیھان ئەوەندە باسی گەرووی ھورمز نەدەکرد."