Mehmet Şah Yılmaz
16 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2026
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هێرشی دڕۆنی حووسییەکان بۆ سەر شاری مەککەی ئیدانە کرد.
وەزارەتەکە ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی هەوڵی حووسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر مەککە'ی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە: "بە تووندی هێرشی دڕۆنی حووسییەکان بۆ سەر مەککەی پیرۆز ئیدانە دەکەین".
لە بەیاننامەکەدا پشتیوانی تورکیا بۆ یەکپارچەیی، یەکێتی و ئاسایشی خاکی سعوودیە دووپات کراوەتەوە و جارێکی دیکەش هاوسۆزی بۆ ئەو وڵاتە جەختی لێ کراوەتەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: "دووپاتی هەڵوێستمان دەکەینەوە بۆ کۆتایی هێنانی دەستبەجێی ئەو هێرشانە کە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە و هەر کردەوەیەک کە ببێتە هۆی تەشەنەکردنی زیاتری گرژییەکان".
گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بە فەرماندەیی سعوودیە، تورکی مالیکی، ئەمڕۆ لە هەژماری پلاتفۆڕمی کۆمەڵایەتی X کە ناوەندەکەی لە ئەمریکایە ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی ڕابردوو کاتژمێر ١٨:٥٠ خوولەک سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سعوودیە هێرشێکی دڕۆنی حووسییەکانیان بەر لەوەی بگاتە ناوچەی قەدەغەکراو لە ئاسمانی مەککە، تێکشکاندبوو.
لە وەڵامی ئەو قسانەی تورکی مالیکی'دا، گوتەبێژی حووسییەکان یەحیا سەریع، لە بەیاننامەیەکدا، بە ئامانجگرتنی مەککە'ی ڕەت کردەوە.
سەریع ڕایگەیاند کە ئەوان تەنیا دامەزراوەکانی نەوتی و بنکە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج و خۆیان لە بە ئامانجگرتنی شوێنە پیرۆزەکان پاراستووە.