ئەنقەرە
فراکسیۆنەکانی بەدەپەو مەھەپە پشتگیریی پەرلەمانتارانی سەرپۆش بەسەریانکرد و پەرلەمانتارانی جەھەپە لەدژی وەستانەوە.
دوای ٩٠ ساڵ یاسای عەلمانی لە تورکیا کە باڵاپۆشی لە شوێنە حکومییەکان قەدەغە کردبوو، ژنانی پەرلەمانتاری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣١ی تشرینی یەکەم، بە سەرپۆشەوە بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد، بەوەیش تابۆی نەوەد ساڵەی وڵاتەکەیان شکاند.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەمیل چیچەک، بۆ رۆژنامەنوسان گوتی:"لە کۆمەڵگەدا کێشەی باڵاپۆشیمان نییە و دەبێ لە پەرلەمانیش باڵاپۆشی بە کێشە دانەنرێ. کێشەی حیجاب ماوەی ٢٥ ساڵە لە پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆی لە سەر دەکرێ لەو ماوەیەدا بەھۆی ئەو کێشەیە زۆر کچ و ژن لە پەرلەمانی تورکیا چەوسێنرانەوە بەڵام خۆشبەختانە دوای پرۆسەی ئاشتی ئەویش چارەسەر کرا."
لەلایەکی دیکە جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەکر بوزداغ، ھەڵویستی خۆی رایگەیاند و گوتی: "ئێمە باڵاپوشی بە کێشە دانانێین، ئەو سەردەم تێپەڕی و ئیتر قەدەغە نامێنێ."
ھاوسەرۆکی بەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرپۆش و حیجابی وەکو مافی ئینسان داناو گوتی: "ئەو پرسە وەک مافێکی شەخسییەو ئێمە ھەمیشە خوازیاری ئازادی بیروباوەڕین، با رێگە لەمافەکان بکەینەوەو بەربەست دادەنەنێین لەبەردەم ھاووڵاتی خۆمان."
ھەروەھا ئاتیلا کایا، جێگری سەرۆکی گشتی مەھەپە MHP گوتی: "ھەڵوێستی ئێمە ئەوەیە نابینە بەربەست لەبەردەم سەرپۆش و حیجاب، ئەمە کارێکی باشە و ھەر کەس بە بیرو باوەڕی خۆی جلوبەرگ دەپۆشێ. کەس بۆی نییە دەستوەرداتە مافی شەخسی."
لەلایەکی دیکە عەدنان کەسکین، جێگری سەرۆکی گشتی جەھەپە CHP ناڕەزایی دەربڕی وگوتی: "پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێشێلکراوە، ئێمە دژی حیجاب نین ئێمە دژی پێشێلکردنی یاساین. پەرلەمانی تورکیا باخی باوکی ئاک پارتی نییە، ئێمە ھەڵویستمان دەبێ لە دژی پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان."
ساڵی ١٩٩٩ پەرلەمانتاری ئەو کاتی پارتی رەفا مەروە کاواکچی بە حیجابەوە چووە نا پەرلەمانی تورکیا، سەرکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا بولەند ئەجەوید گوتی: "ئەو کەسە دەبێ حەدی خۆی بزانی." کاواکچی بەگاڵتەو ھوھای پەرلەمانتاران ناچار کرا پەرلەمان بە جێ بێڵێ.