ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەشیر ئاتاڵای رایگەیاند: "سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری ئێمە لەگەڵ بەدەپە و ھەواڵگریی تورکیایش لەگەڵ چینی دەرەوەی سیاسەت گفتوگۆ دەکەین."
بەشیر ئاتاڵای بەشداری بەرنامەی باشکەنت کولیسی کەناڵی خەبەر ٧ی کرد و چەندین بابەتی گرنگی رۆژەڤی سیاسی شرۆڤە کرد.
لە بەرنامەکەدا بەشیر ئاتاڵای داوای کرد بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە ھەر کەس ھەستی برایەتی و یەکسانی نێو دڵی خۆی رەچاو بکات و گوتی: "ئاک پارتی بۆ ئەوەی ھەر کەس بکاتە برای یەکتر ھەنگاوی زۆر نا و پاکێجی دیموکراسیش یەکێک بووە لەو ھەنگاوانە."
لەبارەی رەخنە و ھەڵوێستەکانی ئۆپۆزسیونی تورکیا لە بەرامبەر پاکێجی دیموکراسی ئاتاڵای گوتی "ئێمە وەکو ئاک پارتی سەبارەت بە گۆڕانکاری و بڕیارەکانی نێو پاکێجی دیموکراسی، چەندین مانگ گفتوگۆمان کرد و سەبارەت بە ھەر گۆڕانکاری و ھەر ھەنگاوێکیش پرسمان بە رای گشتی کردووە."
ئاتاڵای رایگەیاند: "ئۆپۆزسیون لە حیرەتدایە، لە نێو ئوپۆزسیوندا چینێکی نەتەوەپەرەست ھەیە، چینێکیش ھەیە دەیەوێ لەگەڵ ئاک پارتیدا پەیوەندی ھەبێ، کەچی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن سیاسەتێکی ناڕوونی ھەیە، لەلایەکەوە دەڵێ ئێمە پێشتر بۆ ئەو گۆڕانکارییانە پرۆژەمان ئامادە کردبوو، بەڵام ئێستە دەڵێ شتێکی بەمجۆرە نییە، بۆیە رەخنەکانی جەھەپە سەبارەت بە پاکێجی دیموکراسی بۆ ئێمە ئەوەندە گرنگ نین."
جێگری سەرۆکوەزیری تورکیا ئاماژەی بەوەدا ھەڵوێستی مەھەپەیش لە بەرامبەر پاکێجی دیموکراسی و داننان بە مافە پێشێلکراوەکانی کورد ھەر وەک ھەڵوێستی جەھەپەیە و گوتی "لە تورکیا دوو بەرە ھەیە، بەرەی یەکەم مەھەپەیە کە لەدژی ھەر جۆرە گۆڕانکاری و نوێبوونەوەیەکە، ئامادەی ھیچ جۆرە دیالۆگ و دانوستانێک نییە و سیاسەتی ھاوکاری و پشتگیری وەرگرتن لە جەنازەی شەھیدەکان پەیڕەو دەکا. بەرەی دووەمیش ھەر وەکو بەدەپەیە و ئاگای لە راستیی تورکیا و ویست و داواکاری و حەساسییەتەکانی کۆمەڵگە نییە و ھەر بە دروشمی ساڵەکانی ٦٠ و ٧٠ سیاسەت دەکا".
ئاتاڵای رایگەیاند: "ئێمە دەمانەوێ بارودۆخی تورکیا ئاسایی بکەینەوە و لەو چوارچێوەیەیشدا دەستمان بە جێبەجێکردنی ھەنگاوی دیموکراتیک کردووە، خۆمان باش دەزانین چیمان کردووە و چی دەکەین، چونکە پرس بە خەڵکی خۆمان دەکەین. سەبارەت بە ھەر مادە و خاڵێک داوای بیروڕای ھاووڵاتییانی خۆمان دەکەین، بۆیە ٧٠%ی خەڵکی تورکیا پشتگیری لە پاکێجی دیموکراسی دەکا."
لە بارەی پشتگیری کردن لە ھەڵوەشاندنەوەی سوێندی قوتابخانە سەرەتاییەکانیشدا ئاتاڵای رایگەیاند: "ئەو سەدا ٧٠یە کە پشتگیری لەو پاکێجە کردووە، پشتگیری بۆ گشتی پاکێجەکە بووە، خەڵک داوای ئاسایی کردنەوەی تورکیا و نەمانی توندوتیژی دەکا و دەیەوێ کەس نەبێتە ھۆکاری ئێش و ئازاری کەسانی دیکە، بە پێچەوانەی خەڵکی تورکیا، ئۆپۆزسیون ھێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە کە بیر لەو شتانە بکاتەوە."
بەشیر ئاتاڵای باسی لە یەکەمین ھەنگاوی ئاک پارتی کرد و گوتی" یەکەمین ھەنگاوی ئاک پارتی ھەڵوەشاندنەوەی بارودۆخی ئاوارتەی سەربازی و دادگا ئەمنییەکانی دەوڵەت بوو، ئێمە وەکو ئاک پارتی کاتێک کە بوون بە دەسەڵات، لە تورکیا دادگای ئەمنی دەوڵەت و بارودۆخی ئاوارتەی سەربازی لە لووتکەی دەسەڵاتی خۆیاندا بوون، ئەگەر ئەمڕۆ سیاسەتمەدارە کوردەکان دەتوانن بە ئاسانی قسە بکەن ئەوا بەرھەمی ١١ ساڵ گۆڕانکارییە، پێش ھاتنی ئاک پارتی ئەوان نەیاندەتوانی باسی زمان و پەروەردە بە زمانی زگماکی بکەن، خەڵک کاسێتی مۆسیقای کوردی بە دزی دەدا بە یەکتر.
بەشیر ئاتاڵای سەبارەت بە رەخنەکانی بەدەپە لە پاکێجی دیموکراتیزە کردنی تورکیا رایگەیاند: بەشی ھەرە زۆری ئەو ھەنگاوانەی دیموکراتیزە کردنی تورکیا کە ١١ ساڵی رابردوو جێبەجێکراون سەبارەت بە کورد و مافەکانی کورد بوونە، ئاتاڵای گوتی" ئێمە میراسی عوسمانیمان پێگەیشت بۆیە ویستمان چوارچێوە بەرفراوانەکەی نێو وجدانی خۆمان جێبەجێ بکەین، چونکە تورکیا نەیدەتوانی بەو بارودۆخەی رابردوو بەردەوام بێت.
ئاتاڵای ئاماژەی پێدا کە بەشی زۆری ھەنگاوەکانی نێو پاکێجی دیموکراتیزە کردنی تورکیا تایبەت بوونە بە کورد و مافەکانی کورد کەچی سیاسەتمەدارە کوردەکان ھەریەک بە جۆرەیەک ئەو پاکێجەیان ھەڵسەنگاندووە، یەک بە کوولەکە و ئەوی دیکەیش بە گۆفرەت ( جۆرە شیرینییەک) وەسفی کردووە و دەڵێن ئەو پاکێجە ھیچ گرنگییەکی بۆ ئێمە نییە و ئاماژە بەوە دەکەن کە دەسەڵاتی تورکیا دەسەڵاتێکی لاوازە و ئەو پاکێجەیش دەبێتە ھۆکاری ھەرەس ھێنانی قۆناغی چارەسەری.
ھاوسەرۆکی بەدەپە دەڵێ بە ھۆی ئەو پاکێجەوە دیالۆگ نابێ و قۆناغیش بە رێوە ناچێت، دەڵێ سەرۆکوەزیر فێڵباز و ترسنوکە. ئەوانە قسەی ئەو کەسانەن کە پێیان دەگوترێ پیاوی ماقووڵن و ئێستە سیاسەت دەکەن. دەتوانرێ ھەر شت بە ئەردۆغان بگوترێ بەڵام ئەردۆغان ترسنوک و فێڵباز نییە.
جێگری سەرۆکوەزیری تورکیا رایگەیاند: "ئەو جۆرە کەسانە لەگەڵ ئەواندا چاوپێکەوتن ساز دەکەن، ئەو سیاسەتمەدارانە خاوەن بیروڕا و ئاسۆیەکی زۆر بەرتەسکن و سەیری ھەمووی تورکیا ناکەن، پێویستە تۆزێک وانەی سیاسەت، مێژوو و کۆمەڵناسی بخوێنن و بەرچاوی شۆڤەنی لە بەرچاویان ھەڵبگرن و بە چاوێک و بە ئاسویەکی بەرفراوانتر سەیری تورکیا و راستییەکانی تورکیا بکەن."
لە وەڵامی پرسیاری ئایا بەر لە ھەڵبژاردن پاکێجێکی دیکە ئامادە دەکرێ یا نا؟ بەشیر ئاتاڵای رایگەیاند: "گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەنگاوی گرنگن بۆیە پێویستییان بە بەرنامە و پلانی زۆر گرنگ ھەیە."