Abdullah Shukur
22 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2018
موسڵ - AA
باڵیۆزی تورکیا لە شاری بەغدا، فاتح یڵدز رایگەیاند کە لە چوارچێوەی رێنماییەکانی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ماوەیەکی نزیکدا، کونسڵخانەی تورکیا لە شاری مووسڵ دەکەنەوە.
یڵدز لە چوارچێوەی ئەو رێنماییە، سەردانی شاری مووسڵی کرد و لەو شوێنە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایە و رایگەیاند کە بەمەبەستیی دیاریکردنی گونجاوترین شوێن بۆ کردنەوەی کونسڵخانەکە سەردانی ئەو شارەی کردووە.
یڵدز رایگەیاند کە لە چوارچێوەی رێنماییەکانی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ماوەیەکی نزیکدا، کونسڵخانەی تورکیا لە شاری مووسڵ دەکەنەوە و لەمبارەیەوەش رەزامەندی ئیدارەی ناوەندی لە بەغدا گرنگە.
باڵیۆزی تورکیا لە شاری بەغدا، یڵدز ئاشکراشی کرد کە ھەنگاوی باش نراوە لە پێناو کردنەوەی کونسڵخانەی وڵاتەکەی لە ھەردوو شاری بەسڕە و مووسڵ. گوتیشی: رەزامەندی بەغدا لەسەر کردنەوەی کونسڵخانە لە بەسڕەو کۆتایی ھاتووە، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوەی مووسڵیش تەواو دەبێت".
یڵدز لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی :"بە دڵنیاییەوە ئەمە دەبێتە یەکەمین ھەنگاو بۆ کارکردن لە مووسڵ. پێش ئێمە دەزگای TİKA ھەنگاوی ناوە. TİKA دەمێکی زۆرە کارەکانی خۆی لە مووسڵ و تەلەعفەر دەستپێکردووە".
یڵدز جەختیشی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی مووسڵ بگەڕێتەوە دۆخی پێشووی، گشت دامەزراوەکانی تورکیا ئامادەی کارکردنن.
باڵیۆزی تورکیا باسی لە پرسی ئاو لە نێوان تورکیا و عێراق کرد و گوتی: "ھەروەکو دەزانن پرسی گرتنەوەی ئاو لە بەنداو، ئەمساڵ بۆ دووجار دواخرا. لەگەڵ ئەو رێککارەی لە بەنداوەکە ئەنجامدراوە، تا ئێستا بە تەواوی دەستمان بە گرتنەوەی ئاو نەکردووە".
راشیگەیاند کە ئەو ھەڵوێستەی تورکیا بە شێوەیەکی ئەرێنی لەلایەن چینە جیاوازەکانی عێراق پێشوازی لێکراوە و لە قۆناغی داھاتووش پڕۆژەی ئاو لە مووسڵ جێبەجێ دەکەن.
لەلایەکی دیکەش، پارێزگاری مووسڵ نۆفل عاکوب رایگەیاند کە کردنەوەی باڵیۆزخانەی تورکیا لە مووسڵ ھاوکار دەبێ لەبەھێزکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گوتیشی: "ئەمە ھەنگاوێکی زۆر ئەرێنییە. ئەمە دەبێتە پەیامێک بۆ دووبارە دەستەبەرکردنەوەی سەقامگیری لە شارەکەدا".
عاکوب ئاشکراشی کرد کە وڵاتانی دیکەش وەک تورکیا خواستی کردنەوەی کونسڵخانەیە لە مووسڵ ھەیە و راشیگەیاند کە ئەو شارە ناوەندێکی گرنگی بازرگانییە لە عێراق.