Rewa Mahmut Hasan
21 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2016
كەسێکی گومانلێکراو کە بەرەو باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەئەنقەرە دەڕۆیشت، بریندارکرا.
کەسێک بەناوی عوسمان نوری تەمەن ٣٨ ساڵ کە بەدەستێکی چەقۆی هەڵگرتووە و دروشمی گوتووەتەوە، بەرەو باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەئەنقەرە رۆیشتووە. لەبەرامبەردا پۆلیسی پاسەوانی بەردەم باڵیۆزخانەکە دوای ئەوەی هۆشداریی داوەتێ بۆ ئەوەی چەقۆکەی دەستی فڕێبدات بەڵام هێرشبەرەکە گوێی بە هۆشدارییەکە نەداوە، پۆلیسەکە ناچاربووە تەقەی لێبکات و برینداریبکات.
هێرشبەرەکە بەبرینداریی رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاریی تایبەتی ئەنقەرە کراوە.
لەدوای رووداوەکەوە تیمەکانی ئاسایشی ئەنقەرە رەوانەی ناوچەکە کراون بەمەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و هیچ پەیوەندییەکی ناوبراویان بە تیرۆریستانەوە نەدۆزیوەتەوە .
هاوکات پارێزگای ئەنقەرە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات کاتژمێر ١٢:١٠ی ئەمڕۆ کەسێک بەناوی عوسمان نوری لەدایکبووی شاری قۆنیا بە چەقۆیەکەوە هەوڵیداوە هێرشبکاتە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەئەنقەرە .
ئاماژە بەوەشکراوە دوای لێکۆڵینەوە لە فایلی ناوبراو، دەرکەوت کە هیچ تاوانێکی پێشووتری ئەنجام نەداوە.