دیاربەکر
لە چوارجێوەی بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە تورکیا، سەرۆکوەزیران و کاندیدی پۆستی سەرۆکۆماریی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی شاری دیاربەکری کرد و گوتەیەکی پێشکەش بە خەڵکی شاری دیاربەکر کرد.
لە گۆتەکەیدا ئەردۆغان بە توندی دژی هاوپەیمانێتی نێوان جەهەپە و مەهەپە وەستایەوە، کە یەک کاندیدی هاوبەشیان دەستنیشان کردووە و گوتی: "جارێکی دیکە هاوپەیمانەکانی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێ تورکیا بەرەو ساڵانی رابردوو بەرنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش یەک کاندیدیان دیاری کرد. ئەو هزرەی جەهەپە کە چەندی ساڵ زوڵمی لە برا کوردەکانم کرد، ئەو میدیایەی رێگەی بۆ خوێنڕشتن خۆش دەکرد، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا هاوپەیمانییان کردووە لە دژمان. جەهەپە و مەهەپە یەک کاندیدی هاوبەشیان دیاریکردووە و کە لە راستیدا لە هیچ شتێک نازانێ، دەچێتە هەرشوێنێک بەپێی ئەو شوێنە قسە دەکا. لە پشت ئەم هاوپەیمانێتییە تازەیانەوە هزری رەگەزپەرستی پەنسیلڤانیا هەیە، هەرجییەک رەگەزپەرست و هەرکەسێکی دژ وڵاتیان دەستکەوتبێ پێکەوە دانیشتوون و هاویپەیمانێتییان بەستووە لەگەڵیا، ئەو هزرەی لە نەورۆزی ١٩٩٢دا بەرپرس بوو لە کوشتنی٤٠ کەسی هەمان ئەو هزرەی لە پشت هەوڵی کودەتای ١٧ی کانووندابوو، ئێستا هاتوون و یەکیان گرتووە."
لە بەشێکی گوتەکانیدا ئەردۆغان وەک ئاماژەیەک بۆ کاندیدی هاوبەشی جەهەبە و مەهەمە ئەکمەلەدین ئیحسانئۆغڵو، باسی لەوە کرد کە ئەو کەسایەتییە "نوێنەری هزرێکی کۆنی تورکیایە، کە چەندین ساڵ کوردیان دەچەوساندەوە."
هەروەها کاندیدی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاشی بە هەوڵدان بۆ بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو "لایەنانەی دژی کوردن" تۆمەتبار کرد و گوتی: "ئەو کاندیدە هاوبەشەی جەهەپە و مەهەپە دەچێتە حاجیبەکتاش و ناڕەزایی دەردەبڕێ بەرامبەر بە زۆرەملێی وانەی دین. بەڵام من لێرەوە شتێکتام بیردەهێنمەوە، ئەم کاندیدە کاتێ جووە ئەستەنبوڵ گۆڤارێکیان دایە دەستی و رێکلامی وێنەیی پێوەگرت، بەڵام من لێرەوە پێتان دەڵێم ئەو گۆڤارە چی کردووە بە مانشێت لە ماوەکانی پێشوودا. لە مانشێتێکیاندا ئەو گۆڤارەی کاکم نوسیبووی، دەبێ دێرسم داوای لێبوردن لە دەوڵەت بکا نەک دەوڵەت داوای لێبوردن لە دێرسم بکا، جەهەپە هەرچی بڵێ هەدەپەش هەمان شت دەڵێ. هەدەپە ویستوویەتی هاوپەیمانی لەگەڵ جەهەپە بکا، بەڵام جەهەپە رازی نەبووە، ئەم هاوپەیمانییە دژی برا کوردەکانمە. جونکە جەهەپە بەرپرسیاری رووداوی کوشتن و بڕینەکانی دیاربەکر و ئەو سزا نا ئاساییانەیە کە لە دیاربەکر لە ساڵانی پێشوودا ئەنجام دەدرا. ئیشەلا دیاربەکر لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا وانەی تەواوی ئەوانە دەدا کە لە ئێستادا لە هەوڵی بەستنی هاوپەیمانیدان دژی دۆزی کورد. هەر دەنگێک کە لە دیاربەکرەوە دەدرێ بە ئیمە ئەوا پشتگیرییە بۆ قۆناغی ئاشتی. کە پێکەوەژیان و ئاشتی و خۆشگوزەرانی هەموو لایەکی لێدەکەوێتەوە کە ئێمە دەستمان پێکردووە و زەمینەسازی یاساییشمان بۆ ئەو قۆناغە کردووە."
لە درێژەی گوتەکانیدا ئەردۆغان جەختی کردەوە لە گرنگی پڕۆسەی ئاشتی، هەروەک باسی لەو کارانە کرد کە لە ساڵانی رابردوودا پارتەکەی ئەنجامیان داوە بۆ دیموکراسی و ئازادی و بنیاتنانەوەی تورکیایەکی نوێ، وەک خۆی باسی لێکرد. ئاشکراشی کرد کە هەڵبژاردنی ئەم جارەی تورکیا زۆر گرنگە بۆ بەردەوامیدان بە قۆناغی ئاشتی کە ئێستا زەمینەسازی یاسایی بۆکراوە و گوتی: "ئێمە پارتێکین کە هیچ کات پشتگیری لە رەگەزپەرستی ناکەین و هەموو کات پێکهاتەکانی کۆمەڵگەمان لە باوەش گرتووە، سەیرکەن تۆ بزانە سیاسەت چی بە دەوڵەت باخچەلی کردووە، دەڵێ برا کوردەکانم، ئەمەیە سیاسەت، کەسێکی وەک باخچەلی دێ و بە کورد دەڵێ برا کوردەکانم. لە ساڵی ١٩٨٠دا پەرلەمان نەیدەتوانی سەرکۆمار دیاری بکا. نورەدین یڵماد لەو کاتەدا خۆی کردە کاندید، پێییان گوت چۆن کوردێک دەبێ خۆی بکاتە کاندید. لە دوای کودەتای ١٩٨٠ەوە چەندین کەس خۆیان کاندیدکرد کەچی خرانە زیندانەوە تەنیا لەبەر ئەوەی کە کورد بوون، گوتیان چۆن کورد دەبێ ببێتە کاندید بۆ سەرکۆمار. بەڵام دواتر تورگوت ئۆزال هات و بووە سەرکۆمار. بۆمان دەرکەوت کە کوردێکیش دەکرێ ببێتە سەرکۆمار."
گوتیشی: "رۆژەڤی ئێمە زۆر جیاوازە. سەیرکەن لە ١٢ ساڵدا چ گۆڕانکارییەکمان کردووە. ئێمە تورکیایەک بنیاتدەنێین کە هەموو تاکەکانی هەوڵی لەیەکترگەیشتن بدەن و بە ئاشتی هەوڵی پێکەوەژیان بدەن. ساڵانێکی زۆر تیرۆر بەکاردەهات وەک بەهانەیەک بۆ ئەنجامدانی رووداوەکانی فاعیلی مەجهول، چەتەکانی دەوڵەت بە دزییەوە و بە بەهانەی تیرۆرەوە چەندین کەسیان کوشت. ساڵانێکی زۆر ئەوانەی کە وەک ئەفەندی دەژیان بە دەستپێکی قۆناغی ئاشتی زۆر نیگەران بوون. چونکە ئەوان بە دەستپێکی ئەو قۆناغە ئەزموونی دەسەڵاتیان لەدەست دەچێ، بۆیە هەوڵی رووبەرووبوونەوە و وەستاندنی ئێمە دەدەن. بەڵام ناتوانن بمانوەستێنن. ئێمە زۆر کارمان بۆ دیموکراسی کرد. ئێمەبووین کە فشاری سەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەمان هەڵگرت. تورکیا بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێ. بەرەو ئەو ساڵانە دەچێ کە وەک لە سەرەتادا برایەتی تیادا بنیاتنرا."
ئەردۆغان دووپاتی کردەوە ئەگەر وەک سەرکۆمار هەڵبژێردرێ، کە بەردەوام دەبێ لە قۆناغی ئاشتیی و گوتی: "بەڵێن دەدەم دژی هەموو ئەو پیلانانە بووەستمەوە کە لە دژی قۆناغەکە ئەنجام دەدرێن."