Abdullah Shukur
03 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2018
دیاربەکر - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چوارچێوەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەماندا، گوتارێکی لە شاری دیاربەکر پێشکەش کرد و گوتی: "ھیچ کەسێک بە دوای دەوڵەت بۆ کوردەکان نەگەڕێت. دەوڵەتی کوردەکان کۆماری تورکیایە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەچوارچێوەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەماندا، لە کۆبوونەوەی جەماوەری پارتەکەی لە شاری دیاربەکر گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان گوتی: "ھەر کەسێک ھەوڵی زەوتکردنی مافی ھەر برایەکی کوردم بدات ئەوا خۆی لە بەرامبەر مندا دەبینێتەوە. ئەمڕۆ پێکەوە لەگەڵ دیاربەکر، ناوچەکەمان زیاتر لە ٤٠ ساڵی رابردوو ئاسوودەترە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە سەردانیکردنی چەند لایەنێک بۆ لای سەڵاحەدین دەمیرتاش لە بەندیخانەی ئەدیرنە کرد و گوتی: "دەبینم ھەموویان ھەروەک چۆن سەردانی مەزارگایەک بکەن، سەردانی بەندیخانەی ئەدیرنە دەکەن. کاک موحەرەم شانازی بەوە دەکات، دەڵێ 'دەچم سەردانی دەکەم' تۆ ئەگەر سەردانی ئەو شوێنە بکەی چی دەبێت؟ چی بۆ تۆ دەھێنێت؟ تۆ بڕۆ سەردانی گەلەکەی من بکە".
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "دەستی دەمیرتاش بە خوێنی ٥٣ برای کوردم سوور بووە. باجی ئەمە زوو یان درەنگ دەدەنەوە".
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند کە دەوڵەتی کوردەکان کۆماری تورکیایە و گوتی: "ھیچ کەسێک بە دوای دەوڵەت بۆ کوردەکان نەگەڕێت. دەوڵەتی کوردەکان کۆماری تورکیایە".
ئەردۆغان راشیگەیاند: "دەوڵەت رێگە بە ھیچ کەسێک نادات کە حیساب بۆ ماف و ئازادییەکانی گەل نەکات".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا کە کێشەی کورد لە تورکیا بوونی نییە و گوتیشی: "ئێمە لە بەرامبەر ئەو بۆچوونەی کە کوردەکان وەک کێشە دەبینێت دەڵێین 'کێشەی کورد بوونی نییە' ".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە زمانی تورکی و کوردی لە تورکیا کرد و لەمبارەیەوە گوتی: "ھەمیشە ناگۆڕێت و ھەروەکو خۆی دەمێنێتەوە، چەند زمانی فەرمی تورکیمان بە نرخ بێت، زمانی کوردیش وەک زمانی دایکی ئێوە ئەوەندە بە نرخە".