لاھور - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لەکۆبوونەوەی (کاری ھاوبەشی تورکیا - پاکستان)ی کرد و لە بارەی پەیوەندیی نێوان تورکیا و پاکستان قسەی کرد.
ئەردۆغان گوتی:" تورکیا گرنگی بە پاکستان دەدا، ئێمە دەمانەوێ پاکستان لەگەڵ تورکیا بەرەو پێشەوە بڕوا. لە بەرنامەماندایە پەیوەندییەکانی نێوانمان بەھێزتر و بەفراوانتر بکەین."
لە بارەی فۆرمی کاری ھاوبەشی نێوان تورکیا و پاکستان، ئەردۆغان گوتی: "ئەو فۆرمە ھاوبەشە لە بواری ئابووریی و پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان تورکیا و پاکستان، خزمەتێکی باش پێشکەشی ھەردوولا دەکا چونکە ھەر دوولا خاوەن ئیرادەیەکی بەھێزی سیاسین."
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا لەو ١٠ ساڵەی دواییدا، تورکیا راستەوخۆ ١٣٢ ملیار دۆلار سەرمایەگوزاریی کردووە. "ئێمە چۆن توانیمان ئەو سەرکەوتنە بە دەستبێنین؟ پێش ھەموو شتێ ئێمە ئارامی و ئەمنیەتی سیاسییمان دابین کرد، ئەگەر ئارامی و متمانە نەبوایە ئەوا تورکیا نەیدەتوانی شتێکی وا بکا، چونکە پێشکەوتن و پێشەوەچوون پێویستی بە ئارامی، تەبایی و متمانە ھەیە. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە توانیمان یاسایەکی کارای کار و سیستمێکی باشی بانکداری پەیڕەو بکەین. ئێمە دەمانەوێ ھەمان سەرکەوتنی تورکیا لە پاکستانیش ھەبێ، پەیڕەوکردنی سیستمێکی بەوجۆرە دەبێتە مایەی شانازیی و خۆشحاڵی ئێمە."
لە بارەی رێژەی ئاڵووێری بازرگانی نێوان تورکیا و پاکستان، سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوە دا ھێشتا ئاڵووێری بازرگانیی نێوان ھەردوولا، لەو ئاستەدا نییە کە چاوەڕوانی دەکەن، "بۆیە ئێمە وەکو تورکیا داوای بەرزکردنەوەی ئەو رێژەیە بە پێی بەرژوەندیی ھەردوولا دەکەین."
لە بەشێکی دیکەی ئەو فۆرمەدا سەرۆکوەزیرانی پاکستان نەواز شەریف گوتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: "من داوەتی تورکیا دەکەم تا سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێ کە پاکستان پێشکەشی کردووە، پاکستان تورکیای زۆر خۆش دەوێ، ئەمە لە بیر نەکەین. ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی رێگایەکی زۆر گەورە و دوور و درێژین، تەنیا پاکستان و چین پێکەوە نابەستێتەوە بەڵکو دەبێتە رێگای ھەوریشمی سەردەم، بۆیە داوا لە تورکیا دەکەین لەو بوارەدا ئەزموونی خۆی پێشکەشی ئێمە بکا."