ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند: کوشتنی ئینسان لە سوریا بە چەکی سووک بەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە گرنگ نییە، کەچی کوشتنیان بە چەکی کیمیایی جێی بایەخە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی: "لێرەدا بۆسەیەک ھەیە با نەکەوینە ناویەوە، لە جیھان یارییەکی بەوجۆرە ھەیە. با بە بیانووی چەکی کیمیایی گەمارۆ بخەینە سەر سوریا یا گەمارۆکانی سەر سوریا ھەڵبوەشێنینەوە، دەبێ بڵێم ئەمە یارییە! بۆ چی؟ تا ئێستە لە سوریا بە ھۆی چەکی کیمیاییەوە چەند کەس کوژراون؟ ھەزار و ٥٠٠ کەس. ئەمە لە کاتێکدایە بە چەکی سووک ١٥٠ ھەزار کەس کوژراون. ئەمە دەگەینێ کە کوژرانی خەڵک بە چەکی سووک گرنگ نییە، بەڵام کوژرانی خەڵک بە چەکی کیمیایی گرنگە. دەبێ ئێمە پێش لە ھەر کوشتن بگرین بە ھەر ھۆیەکبێ."
ئەردۆغان گوتی: "بە ھیچ شێوەیەک رێنادرێ باڵەکانی رێکخراوی قاعیدە و بەرەی نوسرە تورکیا بکەنە مۆڵگەی خۆیان، بە پێچەوانەوە ئەگەر ھەوڵدانێکی بەوجۆرە ھەبێ، چۆنە شەڕی تیرۆرمان کردووە ئەوا ھەر بەو جۆرە شەڕی ئەوانیش دەکەین. تا ئەمڕۆ ھەڵوێستی پێویستمان لە دژی ئەو رێکخراوانە نەنواندووە و لە داھاتوو دەینوێنین."
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند: باڵەکانی رێکخراوی قاعیدە لە سوریا ھیچ پەیوەندییان بە تورکیاوە نییە، تورکیا ھەمیشە ئەو جۆرە رێکخراوانەی لە خۆی دوور خستووەتەوە و دووریان دەخاتەوە. لەو بارەیەوە گوتی:" ئێمە تەنیا سوپای ئازادی سوریا دەناسین و پەیوەندییمان لەگەڵیدا ھەیە، سوپای ئازاد لە لایەن کۆمەڵگەی جیھانییەوە ناسراوە، پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ھاوپەیمانی نیشتمانی سوریادایە نەک شوێنی دیکە.