Zeynep Yeşildal
10 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2026
لەو دۆسیانەی له چوارچێوەی ٢٨ سكاڵانامه كه لەلایەن داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستانبوڵ سهبارهت به هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ی ڕێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ) کرانەوە، دوو هەزار و ٣٥ تۆمەتبار دادگایی كران.
دوای هەوڵی ناپاکی کودەتاكهی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ کە ئامانجی ڕووخاندنی حکومەت بوو و، بههۆیهوه ٢٥٣ کەس شەهیدبوون، لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ ئەنجام دران بۆ دۆزینهوهی ئەندامانی فەتۆ کە دزەیان کردبووە ناو جومگە جیاوازەکانی دەوڵەتەوە و ڕادەستکردنیان بە دادگا.
لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە یەکەم ساتی هەوڵی کودەتاکەوە لەلایەن داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستانبوڵ دەستیانپێکرد، ئۆپەراسیۆن دژی ئەو گومانلێکراوانە ئەنجامدرا کە خۆیان حەشاردابوو، لە خانوو و شوێنی نهێنیدا دەمانەوە و دەرکەوت لەناو پێکهاتەی ئێستای ڕێکخراوەکەدا چالاکی دەکەن.
بەپێی ئەو زانیارییەی دهست ئاژانسی ئانادۆڵو كهوتووه، لە هەوڵی کودەتاکەدا لە ئیستانبوڵ پێنج پۆلیس، سێ سەرباز و ٩٢ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون.
داواکاری گشتیی کە هەر لە یەکەم ساتی ئاشکرابوونی هەوڵی کودەتاکەوە دەستی بە جووڵە کرد، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەکی زۆر گومانلێکراو دەرکرد.
لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستانبوڵەوە بەڕێوەچوون، ٢٨ سكاڵانامه لەسەر ڕووداوەکانی سەر پردی شەهیدانی ١٥ی تەمووز و پردی فاتیح سوڵتان مەحمەد، داگیرکردنی گهورهشارەوانی ئیستانبوڵ، هەوڵی داگیرکردنی پارێزگای ئیستانبوڵ، هێرشەکان بە تانک و کۆپتەر بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستانبوڵ و داگیرکردنی فڕۆکەخانەی ئهتاتورک ئامادە کران.
دۆسیەی دادگایی دژی ههموو ئەو دوو هەزار و ٣٥ تۆمەتبارە کرایەوە کە ناویان لەو سكاڵانامهكهدا هاتبوو.
دادگاییکردنەکان لەسەر سكاڵانامهكان كه لە هەزاران لاپەڕە پێکهاتبوون و چەندین مانگی خایاند، بەهۆی زۆری ژمارەی تۆمەتبارانەوە، لە هۆڵە گەورەکانی دادگاییکردن لە شارەکەدا بەڕێوەچوون، بەتایبهتی لەو هۆڵەی دادگا کە دەکەوێتە بەرامبەر زیندانی مارمارا.
لە ئەنجامی دادگاییکردنەکاندا جگه له بێ تاوان سهلماندن و ئازادکردنی هەندێک لە تۆمەتباران، سزای زیندانی کردن بۆ چەندین تاوانی جیاواز دەرکرا، لهوانهیش پێشێلكردنی دهستوور.