ھەکاری
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەشیر ئاتالای دوای ئەنجامدانی چەند دیدار و کۆبوونەوە لە شاری وان، بە کۆپتەر سەردانی ھەکاری کرد و لە لایەن پارێزگار، ھاوسەرۆک شارەوانی ھەکاری دیلەك خەتیبئۆغلو و چەند بەرپرسێکی دیکەی ھەکارییەوە پێشوازی لێکرا.
دواتر ئاتالای سەردانی پارێزگاری ھەکاری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ھەکاری کۆبوەوە و دوای کۆبوونەوەکە ئاتالای لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی چەند پرسی گرنگی کرد و گوتی: "ئێمە ھەوڵ بۆ ئەوە دەدەین کە لە ھەڵبژاردنی سەرکۆماریدا سەرۆکوەزیران رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکەوتوو بێ بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین دەنگ بە ئەردۆغان بدەن."
ئاتالای لە بارەی قۆناغی چارەسەرییەوە گوتی: "قۆناغی چارەسەری لە باشترین ئاست دایە و مەبەست لەم سەردانە ئاگادارکردنەوەی دانیشتوانی ناوچەکە لە قۆناغی چارەسەری و ھەروەھا وەرگرتنی بیروڕای ئەوان لەو بارەوەیە."
دواتر ئاتالای وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی ئەوەی کە بەشێک لە سۆشیال میدیا باس لەوە دەکەن کە گوایا لە قۆناغی چارەسەریدا جموجووڵی سەربازی زیاتری کردووە و لە کۆبوونەوەی شورای باڵای سەربازیدا بڕیاری شەڕ دراوە ئایا شتی وا ھەیە؟ ئاتالای گوتی: "ئەو جۆرە پرسانە لە کۆبوونەوەی شورای باڵای سەربازیدا گفتوگۆیان لەسەر ناکرێ، بەڵکو لە کۆبوونەوەی لێژنەی ئەمنی قەومیدا باسیان لێوە دەکرێ، بەو پەڕی وریایی و ھەستیارییەوە درێژە بە قۆناغی چارەسەری دەدەین، قۆناغ زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێ دانوستانەکان بەردەوامن و لەو بارەوە رێگای زۆر باش بڕاوە، یاسایەکمان دەرکرد ئەو یاسایە بۆ ھەموو کەسێكه و ھیچ شتێکی خراپ لە بارەی قۆناغی چارەسەریدا لە ئارادا نییە، بەڵام بەداخەوە لە لایەن پەکەکەوە شتی ھەڵە بە خەڵک و لایەنگرانی دەکرێ، ئۆتۆمبیل و مەکینەکانی کار کردن دەسۆتێنن، چەند کەسێک بە زۆر پارە لە خەڵک کۆدەکەنەوە و چەند کەسێکی دیکەیش ھەن کە پێش ھەڵبژاردن بە زهبری چەک داوا لە گوندنیشینان دەکەن بەشداری لە ھەڵبژاردن نەکەن، لەو بارەوە لە شاری وان راپۆرتێکم پێ گەیشت. ئێمە لە بارەی ئەو ھەڵانەوە خەڵک ئاگادار دەکەینەوە، هاوكارییهك لە نێوان ھەردوولادا بۆ قۆناغی چارەسەری ھەیە و ھەردوولا متمانەیان بە یەکتر ھەیە، ئێمە لەسەر نەخشە رێگایەکی شەفاف و بەرچاو کار دەکەین و ئەمە زۆر گرنگە و دەرئەنجامی باشی دەبێ. سنور و چوارچێوەکانی بە باشی دەستنیشان کراون و ھەرکەس لەو چوارچێوەیەدا ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی جێبەجێ دەکات."
ئاتالای لە وەڵامی پرسیارێک لە بارەی بارودۆخی عێراقەوە گوتی: "ھەڵوێستی تورکیا بەرامبەر داعش روون و ئاشکرایە و حاڵی حازر چەندین دیپلۆماتی تورک لە دەستی داعشدا دیلن. ئێمە وەکو تورکیا بە چاوی رێکخراوێکی تیرۆریستی سەیری داعش دەکەین، لەو بارەوە ھەر کەس ھەڵوێستی ئێمە دەزانێ، قەیرانێکی زۆر ئاڵۆز لە ناوچەکەدا ھەیە، عێراق ئاڵۆزترین بەشی ناوچەکەیە، ماوەی چەند ساڵە ئاڵۆزییەکانی سوریا بەردەوامن، کۆمەڵکوژی زۆر گەورە لە غەزە ئەنجامدران و تورکیا لە نێو ئەو ھەموو ئاڵۆزییانەدا شوێنێکی ئەمن و ئارامە و لە رووی سیاسی و مرۆیشەوە ھاوکاری ناوچەکە دەکا. لە عێراق رووداو و پێشھاتی نوێ ھەیە، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە دوێنێوە کەمپی مەخمور چۆڵکراوە، چەند کەسێک دەیانەوێ لە مەخمورەوە بگەڕێنەوە تورکیا و ھەمووی ئەوانە ھاووڵاتی تورکیان کە بە ھۆی نالەباری رەوشی ساڵانی رابردوو لە ناوچەی ھەکاری و گەڤەر باریان کردووە و چوونە ئەو ناوچانە، ئەگەر ئەوانە بگەڕێنەوە ئەوا دەرگاکانی تورکیا بۆیان کراوەیە و دەتوانن بە ئاسانی لە سنورەکانی تورکیا تێپەڕ ببن."