Mazın Asad
30 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2016
ئیستانبوڵ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بیناڵی یڵدرم گوتی: "سیستمی سەرۆکایەتی بە پێکھاتەی یەکگرتوو رێکدەخرێت. واتا سەرۆکایەتی ناکاتە فیدراسیۆن. سیستمی سەرۆکایەتی سیستمێکە کە بنەمای تاکە نیشتمان، تاکە نەتەوە، تاکە ئاڵا و تاکە دەوڵەت لەخۆ دەگرێت".
سەرۆکی گشتی ئاکپارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بیناڵی یڵدرم گوتەیەکی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژکاری سەرۆکایەتی لقەکانی ئاکپارتی لە ناوەندی کۆنگرەی ھالیچ لە ئیستانبوڵ پێشکەش کرد.
یڵدرم لەبارەی ھێرشە تیرۆریستییەکەی دیاربەکر رایگەیاند: "یەکێک لەو پەلاماردەرانەی کە بە رۆکێت ھێرشیان کردە سەر زرێپۆشێکی سەربازی لە دیاربەکر کوژرا. دوانیشیان بە زیندووی بەدیل گیران. پیرۆزبایی لە ھێزەکانی ئەمنیمان دەکەین. ئەو ناپاکانە لەمەو پێش ھەشت چالاکی تیرۆریان لە دیاربەکر ئەنجام داوە. لە تورکیا با فەتۆ یاخود رێکخراوی جوداخواز بیت، دەبێت ئەوە بزانین کە ھەرگیز میللەت نایەتە بەرەی تیرۆریستانەوە و ھەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتیشی: "دوێنێ وەک گەل ٩٣مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆمارمان بە جۆش و خرۆشەو بەرز راگرت. ئەو ئەمانەتی لە باوباپیرانمان وەرمان گرتووە، سەرەڕای ھەموو شتێک ھەر تاکێکمانبە شەڕەفەوە دەیپارێزین. تەنھا بە پاراستنی کۆمارەکەمان ناوەستین، لە ھەمان کاتدا بە دڵ و گیانەوە بۆ گەورەکردن و بەھێزکردنی تورکیا کار دەکەین. ئینشاڵڵا لە ساڵی ٢٠٢٣ لە سەدەمین ساڵیادی کۆمارمان بە جۆش و خرۆشەوە بەشێوەیەکی جیاواز کارەکان ئەنجام دەدەین".
یڵدرم لە بەشێکی قسەکانیدا گوتیشی: "بەرێز کلچدارئۆغڵو، ئەو شەوەی سەرکۆمارمان سات بە سات لەگەڵ میللەت بوو. باشە ئەو شەوە جەنابتان لە کوێ بوون؟ وەڵام بدەنەوە لە کوێ بوون؟ کودەتا روویدا ناوەندی جەھەپە بووە شوێنی گریانی فەتۆچییەکان، ئێوە ھەموو کاتێک خەریکی دڵنەوایی کردنی فەتۆچییەکانن".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ھەروەھا گوتی: "لە ١٥ی تەمووزدا ھێزی گەل بەسەر ھێزی تانکەکاندا زاڵ بوو، لە ١٥ی تەموزدا کودەتاکاران ھەوڵیاندا دەسەڵات بسوتێنن کەچی خۆیان سوتاند. ئەو شەوە رۆڵە پاڵەوانەکانی گەل دیموکراسییەتیان ژیاندەوە. ھەرگیز وھەرگیز تورکیا رادەستی ئەو ناکەسانە ناکەین، گەنجەکان پاڵەوانی ئەو رۆژە ئێوە بوون".
یڵدرم دەشلێت: "تورکیا لە شەوی ١٥ی تەمووز لە مەترسەییەکی گەورە رزگاریی بوو. شەھیدمان ھەیە، پاڵەوانمان ھەیە. دوای ئەوەی قۆناغی باری نائاساییشمان تێپەڕاند ئەوانەی دەیانەوێت سیاسەتی ئەو وڵاتە بەرەو دواوە ببەن، کەواتە ئەو وڵاتەیان خۆش ناوێت. وڵاتەکەمان بە رۆژگارێکی سەخت تێپەڕی و ھەرگیز نامانەوێت پشێوی سیاسی بکەوێتە نێو وڵاتەکەمانەوە. لە بەرامبەر ئەو ناھەقییە و رەفتارە ناشرینەی سەرۆکی گەورە پارتی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر سەرکۆمارمان لانی کەم داوای لێبورنێک قەرزارە. لەبەر ئەوەی ئەو شەوە ھەموو کەس دەزانێت کە سەرکۆمارمان لە کوێ بوو. ھەموو تورکیا باش دەزانێت کە یەکەم ھەنگاو ھەوڵی کوشتی سەرکۆمارمانیان دا ".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە بەشێکی قسەکانیدا رایگەیاند: "لە شەوی کودەتاکە سەرکۆمار وەک ئەوەی لە رابردوو روویداوە دەستی نەدایە چاکەتەکەی و خۆی بزر بکات و کڵاو لەسەر میللەت بکات، بەڵکو بۆ یەک ساتیش بیرمان لە خۆ رادەستکردن نەکردەوە بیرمان لە بەجێھێشتنی ئەو تورکیایە جوانە نەکردەوە، رووبەرووی کودەتاکاران بووین و خەڵکمان بانگھێشت کرد بۆ نێو مەیدانەکان. سەرەڕای ھەڕەشەکردن بە کوشتن و کۆکوژکردن و خستنە خوارەوەی فڕۆکە، سەرکۆمارمان بێ گوێدانە ھەڕەشەکان ھاتە ئیستانبوڵ. لە کاتێکدا لەسەر سەری فڕۆکەی سەربازی دەفڕی و لە تەنیشتی بۆمب دەتەقیەوە و دەنگی گوللـە دەھات، ھەرگیز بیری لە ھەڵاتن نەکردەوە ، لە خوڕەوشتی ئاک پارتی نییە چەپڵە بۆ کودەتاکاران لێبدات. ئاک پارتی ھەموو کات سنگی بەرامبەر بە کودەتاچییەکان راگرتووە و بەرەنگاریان بووەتەوە".
یڵدرم لەبارەی سیستمی سەرۆکایەتی گوتی: "لێرەوە بە روونی دەیڵێم. سیستمی سەرۆکایەتی بە پێکھاتەی یەکگرتوو رێکدەخرێت. واتا سەرۆکایەتی ناکاتە فیدراسیۆن. ھەندێک شوێن فیدراسیۆنیشی تێدایە، بەڵام لە ھەندێک شوێن فیدراسیۆن نییە. لەگەڵ سیستمی سەرۆکایەتی، ٧٨٠ ھەزار کیلۆمەتر دووجای خاکی تورکیا بە یەکپارچەیی و یەکریزی و برایەتی دەمێنێتەوە. سیستمی سەرۆکایەتی سیستمێکە کە بنەمای یەک نیشتمان، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا و یەک دەوڵەت لەخۆ دەگرێت. ئەمە بە روونی دەڵێم با کەس لەخۆیەوە باس لە سیستمی سەرۆکایەتی نەکات و لێکدوانەوەی ھەڵەی بۆ نەکات"
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتیشی: "لە چەند رۆژی ئایندەدا ئینشاڵڵا بە وردی بابەتی سیستمی سەرۆکایەتی بۆ گەلەکەمان روون دەکەینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش ئاکپارتی شانسی ئەوەی نییە کە بەتەنیا پرۆژە یاساکە بھێنێتە پەرلەمان و بە تەنیاش پەسندی بکات. ھەر بۆیەش چاوەڕوانی پشتیوانی پەرلەمانتارانی مەھەپە و جەھەپەش دەکەین. دەمانەوێت بەشدار بن لە دانیشتنەکە و لەسەر داھاتووی تورکیا گفتوگۆ بکەن و را و بۆچوونی خۆیان لەوبارەیەوە دەرببڕن".