İdris Okuducu,Hemın Othman Mohammed
06 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2019
به‌غدا - AA
گه‌ڕانی سه‌ربازانی ئه‌مریكایی به چه‌ك و جلی سه‌ربازییه‌وه له ناو بازاڕی موتەنەبی ناوەڕاستی به‌غدای پایته‌ختی عێراق كاردانه‌وه‌ی لێكهوتهوه.
بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنەی جەنەراڵی ئه‌مریكایی، ئۆستن رینفۆرد له‌گه‌ڵ گرووپێك له سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كه رۆژی هه‌یینی له شه‌قامی موته‌نه‌بی به‌غدا كه كافتریا و كتێبفرۆشانی لێیه، گیراوه، له كاتێكدا چا ده‌خۆنه‌وه و له‌گه‌ڵ هاووڵاتیاندا ده‌دوێن، كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی له شه‌قامی عێراقیدا دروستكردووە.
ئه‌و دیمه‌نانه‌ی له كافتریادا گیراوه كه تیایدا سه‌ربازانی ئه‌مریكایی به جلی سهربازییهوهن و له‌لایه‌ن سه‌ربازانی عێراقییه‌وه ده‌پارێزرێن له میدیای ناوخۆی عێراقیدا به شێوه‌یه‌كی فراوان بڵاوكرایه‌وه.
دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه، یه‌كه‌م كاردانه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و پارته سیاسییه‌وه هات كه دژی بوونی ئه‌مریكایه له عێراق.
- "كاردانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی سه‌در"
گوتەبێژی فراکسیۆنی سائروون، حەمەدڵڵا رکابی كه رابه‌ری شیعی عێراق، موقته‌دا سه‌در رابه‌رایه‌تی ده‌كات لە به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "ئه‌و ره‌وشه بەرەنگاربوونه‌وه‌ی ئیرادەی گه‌لی عێراقه و پێشێلکارییەکی نوێی سەرەوەری عێراقە. ئیداره‌ی ئه‌مریكا به‌و ھەڵسوکەوته خراپە رووی ناشرینی ده‌رخست و، ھەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێلكردووه".
ركابی داوای له حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق كرد بهرپرسیاریەتییەکانی به‌جێ بگه‌یه‌نێت و، به‌پێویستیزانی حكوومه‌ت روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه بۆ رای گشتیی بڵاوبكاته‌وه.
له‌و دیمه‌نانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا به فراوانی بڵاوبووەتەوە، ده‌رده‌كه‌وێت كه فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبه‌شه‌کانی بەغدا، جەلیل روبێعی یاوه‌ری سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان ده‌كات كاتێك به ناوه‌ندی شاره‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن.
- "ئه‌مریكا له عێراق پێنج هه‌زار سه‌ربازی هه‌یه"
ئه‌مریكا كه ئاداری ساڵی 2003دا عێراقی داگیركرد بۆ رووخاندنی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسه‌ین، له‌و وڵاته‌دا نۆ بنكه‌ی سه‌ربازی زانراوی هه‌یه.
هه‌رچه‌نده ئه‌مریكا له ساڵی 2011دا له عێراق كشایه‌وه، به‌ڵام بوونی له‌و وڵاته‌دا ئەو بنكه سه‌ربازییانه‌ی به‌هێزكرد.