Heman Hussein Yaseen
19 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە، بۆڕی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەناو خاکی تورکیا تەقییەوە و بەھۆیەوە ھەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیھان راگیرا، ئەمڕۆ جارێکی دیکە ھەناردەکردنی نەوت دەستی پێ کردەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتدا، ھەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ھاتووە "دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، بۆڕی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەنێو خاکی تورکیا تەقییەوە و ئەمەش بووە ھۆی وەستانێکی کاتی ھەناردەکردنەکە بۆ بەندەری جەیھان".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راشیگەیاندووە "بەپێی زانیارییەکان، تەقینەوەی بۆڕییەکە بەھۆی شۆرتی کارەبا روویداوە و لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی ھەرێم وردتر لە رووداوەکە دەکۆڵێتەوە".
لە بەشێکی ھەواڵەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە تەقینەوەکە کاریگەریی لەسەر ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەبووە و لەئێستاشدا، ھەناردەکردنی نەوت دەستی پێ کردووەتەوە.
- کۆمپانیای بۆتاشی تورکی بۆ گواستنەوەی نەوت، هەناردەکردنی نەوت لە بۆری گواستنەوەی نەوتی عێراق لەڕێگەی تورکیاوە دووبارە دەستی پێ کردەوە.
لەو بارەیەوە کۆمپانیای بۆتاشی تورکی بۆ گواستنەوەی نەوت، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە وەبیرهێندراوەتەوە کە ئێوارەی دوێنێ بەهۆی تەقینەوەیەک لە بۆرییەکەدا، ئاگر کەوتووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها باس لەوەش کراوە کە ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ کراوە و کارەکانی ساردکردنەوەی شوێنی رووداوەکەش بەکۆتاهاتوون، ئەوەش هاتووە "تیمەکانی بۆتاش هەموو رێوشوێنێکی پێویستییان گرتووەتەبەر و گواستنەوەی نەوت دووبارە دەستی پێ کردووەتەوە".