ئاغری
سەرۆکی یەکێتی ژووری کشتوکاڵی تورکیا شەمسی بایراکتار دەڵێ لەگەڵ زامنکردنی ئاسایش و ئارامی لەناوچە کوردییەکان لەتورکیا، دەتوانرێ وەبەرھێنانی زیاتر و زۆرتر ئەنجام بدرێ لەو ناوچانە، بەوەیش ئابووریی ناوچەکە بەرەوپێش دەچێ.
بایراکتار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " لەدوای بەرەو پێشچوونی پرۆسەی ئاشتی، وەبەرھێنەران خوازیارن بێنە ناوچەکەو سەرمایەگوزاریی بکەن، ئێستا ژمارەی ئەوانە زۆربووەو زیاتر دەبێ".
سەرۆکی یەکێتی ژووری کشتوکاڵی تورکیا، باسی لە خواستی وەبەرھێنەران کرد لەبارەی وەبەرھێنان لەکەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی و زیاتر گوتی "لەدوای دەستپێکردنی قۆناغی ئاشتی، ئیتر وردە ووردە وەبەرھێنان لە گشت بوارەکاندا بەتایبەت بواری کتشوکاڵ و ئاژەڵداریی پەرەیسەند، ئێستا ناوچەکە لەچاوەڕوانی وەبەرھێناندایە بە بڕی ٢٥٠ ملیار لیرەی تورکی".
بایراکتار جەختیکردەوە ئەوەی زیاتر دەبێتە ھۆی مسۆگەرکردنی سەرمایەگوزاریی لەو ناوچانە، مسۆگەرکردنی ئارامی و ئاسایشە بۆ ناوچە کوردییەکان.