Heman Hussein Yaseen
10 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2026
گەنم وەک یەکێک لە گرنگترین دانەوێڵە کشتوکاڵییەکان، ساڵانە بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ چاندنی تەرخان دەکرێت. جووتیاران بە گشتی لە مانگی تشرینی دووەم دەست بە چاندن دەکەن و لە مانگی ئایاردا دەستیان بە دروێنە دەکەن، بەڵام ئەم ماوەیە بە پێی بارودۆخی جوگرافی و شوێن جیاوازە و لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت. لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیۆن مەتر زەوی بۆ کشتوکاڵ بەکاردێت کە بەشێکی زۆری بۆ گەنم تەرخانکراوە، ئەم بەرھەمە پێویستی بە بڕێکی زۆر ئاو ھەیە، بۆیە ھەندێک جووتیار پشت بە باران و ھەندێکی دیکەش پشت بە ئاودانی دەستکرد دەبەستن.
لە گوندی ماندیان لە قەزای ئاکرێی پارێزگای دھۆک، جووتیارێک کە زەوییەکی بەرفراوانی بە گەنم چاندووە، ئاماژە بە کێشەکانی بازاڕ و نرخ دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە حکوومەتی عێراق بەشێکی کەم لە بەرھەمی جووتیاران وەردەگرێت و، ئەوەی دەمێنێتەوە جووتیاران ناچار دەبن بە نرخێکی کەم لە بازاڕ ساغی بکەنەوە. ئەو ھۆشداریشیدا لە مەترسی ئاگرکەوتنەوە کە بەھۆی وشکبوونی کێڵگەکان و ھەندێک ھەڵسوکەوتی نادروست کە وەک فڕێدانی جگەرە و کێشەکانی کارەبا ڕوودەدەن، و دەڵێت جووتیاران ناچاردەبن بە خێراکردنی بەرهەمەکانییان دروێنە بکەن.
جووتیار، خالید خالید عەبدولڕەحمان لەبارەی پڕۆسەی چاندن و دروێنەکردن، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە لە مانگی تشرینی دووەم دەست بە چاندن دەکەین و لە مانگی ئایاریشدا وەرزی دروێنە دەستپێدەکات، ئەم پڕۆسەیە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە، بەڵام بە گشتی ئێمە لە یەک تا ٢٠ی ئایار، دروێنە ئەنجام دەدەین و ساڵانەش پێویستمان بە بڕێکی زۆر لە ئاو هەیە و ئەمساڵ ڕێژەی بارانبارین باش بوو کە ئەمەش نیگەرانییەکانی چەند ساڵەی جووتیارانی ڕەواندەوە".
لەبارەی نیشانەکانی پێگەیشتنی گەنم، خالید خالید عەبدولڕەحمان گوتی: "نیشانەکانی ئەوەیە کە لە سەرەتای مانگی ئایار، سەیری گوڵەگەنمەکە دەکەین، ئەگەر وشک بوو ئەوا پێگەیشتووە، ئەگەریش قەدی گوڵەکە تەڕ بوو، واتا ھێشتا ماویەتی چونکە ئامێری دەڕاسە نایبڕێت".
ساڵانە حکوومەتی عێراق بڕێک لەو گەنمە لە جووتیاران وەردەگرێت بەڵام جیاوازی لە نێوان جووتیارانی ھەرێم و عێراق دەکرێت بەوەی بڕێکی کەم گەنم لە جووتیارانی ھەرێم وەردەگیرێت و ئەو بڕەی دەمێنێتەوە دەبێت جووتیاران بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕەکان ساغی بکەنەوە و لەمبارەیەوە خالید خالید گوتی: "من دە تۆن گەنمم چاندووە، ئەمساڵ یەک بەرامبەر بە ١٢ی ھێناوە (یەک تۆن گەنم چاندن، ١٢ تۆن گەنمی بەرھەمھێناوە) بەڵام کێشەی ساغکردنەوەمان ھەیە، پار ساڵ حکوومەتی عێڕاق تۆنی بە ٨٠٠ ھەزار دینار لە جووتیاران وەرگرت، ئەمساڵ چەند تۆنێکی سنووردار وەردەگرێت و بۆ ھەر تۆنێک ٧٠٠ ھەزار دیناری دیارییکردووە، ئەوەی دیکەش دەبێت لە بازاڕ ساغی بکەینەوە کە تۆنی ٣٠٠ ھەزار دینار دەکات و جووتیار تێیدا زەرەرمەند دەبێت بەم نرخە".
جاران دروێنە بە هەرەوەزیی و بە دەست ئەنجام دەدرا، ئێستا لە ڕێگای ئامێری دەڕاسەوە بە خێرایی ئەنجام دەدرێت و دەڕاسەکان توانایەکی باشیان هەیە و لە ڕۆژێکدا دەتوانن سێ بۆ چوار پارچە زەویی گەورە دروێنە بکەن و پاشان لە ڕێگای تڕاکتۆرەوە گەنمەکە بۆ شوێنێکی دیکە دەگوازرێتەوە و هەڵدەگیرێت، ئینجا ئەو بڕەی کە حکوومەت وەریدەگرێت لە ڕێگای بارهەڵگرەوە دەگوازرێتەوە بۆ سایلۆکان و ئەوەی دیکەش بۆ ساغکردنەوە دەینێرن بۆ بازاڕی دانەوێڵە.
ئەم جووتیارە ھۆشداریشیدا لە مەترسی ئاگرکەوتنەوە و گوتی: "ساڵانە لە سەرەتای مانگی ئایار بەپەلەین بۆ دروێنەکردن چونکە لەم کاتەدا گەنمەکە وشک بووە و زۆرجار بەھۆی فڕێدانی جگەرە یان شۆڕتی کارەباوە ئاگر لە دەغڵودان و بەرھەمی جووتیاران بەردەبێت، ئەگەرنا تا ٢٠ی ئایار دەتوانرێت دروێنەکردن دوابخەین".