هەولێر
نیكۆڵاس هیڵدیارد یەكێك لە سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەكە گوتی لە ساڵی 1970ەوە 40 لەسەدی رووباری دیجلە ئاوەكەی لەدەست داوە و جۆری ئاوەكەش خراپ بووە.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە هوتێل چوارچرای هەولێر هەڵمەتی بەهاناوەچوونی رووباری دیجلە و زۆنگاوەكانی عێراق كەمپینێكی بۆ فشارخستنە سەر توركیا بۆ دانیشتن لەگەڵ لایەنی عێراقی دەستی پێ كرد و بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر ئاوی هاتوو لە رووباری دیجلەوە لە توركیاوە بۆ عێراق. هەڵمەتەكە چەندین رێكخراو لە چەند وڵاتێكی جیاواز لە خۆ دەگرێت لە نێویاندا هەرێمی كوردستان و عێراقیش، لەلایەن چەندین چالاكوانی جیاجیاوە سەرپەرشتی دەكرێت.
سالار حەمەد لە رێكخراوی مەسەلە بۆ توانا مرۆییەكان كە رێكخراوەكی عێراقی و كوردستانیشە و بەشێكە لەو هاوپەیمانێتییەی لەساڵی 2012 بۆ بەهاناوەچوونی دیجلە و زۆنگاوەكانی عێراق راگەیەنراوە لە وتەیەكدا لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كە بۆ بەشێك لە چالاكوانانی هەڵمەتەكە بەسترابوو بۆ راگەیاندنەكان گوتی "ئەم هەڵمەتە كە لە راستیدا لە ساڵی 2012 دەستی پێ كردووە مەبەست لێی هۆشداریكردنەوە و فشارخستنەسەر لایەنەكانە لەمەڕ كەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و ئەو رووبارانەی لە هەرێمی كوردستانەوە دەڕژێنە نێو عێراق كە بەهۆی دروستكردنی چەندین بەنداوەوە لەلایەن توركیاوە كەمیان كردووە، بەتایبەت بەنداوی ئەلیسۆ لەسەر رووباری دیجلە".
سالار گوتیشی: "هەستمان بە ترسناكی ئەو بابەتە كردووە بەتایبەت دوای ئەوەی ئاو لەلایەن چەكدارانی داعشیشەوە وەكو چەكێك لە دژی خەڵكی عێراق بەكارهێنرا، دەمانەوێ هەڵمەتەكەمان چڕبكەینەوە بۆ رراگرتنی بەنداوەكان یان كەمكردنەوە یان هیچ نەبێت بچووك كردنەوەیان".
ئەو چالاكوانە لە درێژەی قسەكانیدا گوتی"لە چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ چەند رێكخراوێكی ناوەڕاست و باشوور و هەرێمی كوردستانیش بۆ دانانی پلانێكی ستراتیژی بۆ چڕكردنەوەی هەڵمەتەكە و دروستكردنی لۆبییەك كۆبووینەوە، لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و لێژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان دانیشتین بۆ كردنەوەی كەناڵێكی یاسایی بۆ ئەوەی لەرێگەی پەرلەمانی عێراق پاڵەپەستۆ بخەینە سەر حكوومەتی عێراق و لەگەڵ توركیا گۆفتوگۆ بكات و ئەو بابەتە بكات بە دۆسیەیەکی نێودەوڵەتی، چونكە ئەوە مەسەلەیەكی پەیوەستە بە مافی مرۆڤ".
لەم ماوەیەی دوایی عێراق و هەرێمی كوردستان بەشەڕێكی نەخوازراو سەرقاڵ بوون و وڵاتانی دیكە دەستیان بە دروستكردنی بەنداوەكان كردووەتەوە كە شوێنەواری كاریگەریی لەسەر شوێنەوارەكانی حەسەن كیڤ و هەروەها ئاوی خواردنەوە لەسەر هەرێمی كوردستانیش كەم دەبێتەوە و هەرێمیش بەنیازە 50 بەنداو دروست بكات. ئەگەر ئەلیسۆ تەواو بێت 47 لەسەدی ئەو ئەو 50 بەنداوە بێسوود دەبێت، هەروەها فشارخستنە سەر ئەو كۆمپانیایانەی كە ئەو بەنداوانە دروست دەكەن بۆیە لە رێگەی وڵاتان و رێكخراوەكانیانەوە بۆ ئەوەی دەستبەرداری ببن چونكە بێجگە لە ناوبردنی كولتوور، پێشێلكردنی راستەوخۆی مافی مرۆڤیشە.
جوهنا ریڤیرا یەكێك لە سەرپەرشتیارانی كەمپینەكە، ئەو ئافرەتێكی بە رەچەڵەك ئەمریكی لاتینە، لەبارەی هەڵمەتەكەیانەوە لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "ئاو سەرچاوەی ژیانە، هەرێمی كوردستان و عێراقیش دەبێت پاراستنی ژیانی خەڵكیان لەسەرە، نابێت شەڕ و ئەو كێشانەی هەیە ببێتە بیانوو بۆ ئەوەی كێشەی ئاو پەڕاوێز بخەن".
ناوبراو هەروەها گوتیشی "عێراق و توركیا چەند رێككەوتننامەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكانیان لەسەر رووبارەکانی نێودەوڵەتی واژۆ كردووە، بەوەش شتێكی یاساییمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی وڵاتان پێكەوە دابنیشن و گفتوگۆ بكەن هەروەها داوامان لە حكوومەتی هەرێم كردووە كە لە رێگەی ئەو پەیوەندییانەی هەیەتی عێراق بێتەوە سەر خەت و بەشداری لە گفتوگۆكان بكاتەوە، جگە لەوەش هەرێم پەیوەندیی باشی لەگەڵ توركیا هەیە و داوامان كردووە وا بكات توركیاش دەست بە گفتوگۆكان بكاتەوە".
نیكۆڵاس هیلدیارد سەرپەرشتیارێكی هەڵمەتەكەیە، ئەو بە قسەی خۆی چواردە ساڵە سەرقاڵی كاركردنە لەسەر ئەم دۆسیە، لە پێش رووخانی رژێمی سەدام حوسێنیش هاتووەتە عێراق و لەسەر ئەو بابەتە قسەی كردووە. لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی هوتێل چوارچرا ناوبراو گوتی "لە ساڵی 1970ەوە ئاوی رووباری فورات 40 لەسەدی كەمی كردووە و جۆری ئاوەكەش زۆر خراپ بووە و ئەوەش زیانێكی زۆرە لەسەر ئەو خەڵكەی لەسەر ئەو ئاوە دەژین بۆیە پێویستە دووبارە گفتوگۆیان لەسەر بكرێتەوە هەروەها ئەو بڕە ئاوەی دێتە عێراقەوە دیسانەوە دیاری بكرێت. لە ساڵی 1996 رێككەوتنی لەسەر كراوە بەڵام توركیا پێوەی پابەند نەبوو، بۆیە عێراق دەتوانێت بە بیانووی مافی مرۆڤەوە ئەو دۆسیە بباتە نەتەوە یەكگرتووەكان".
نیكۆڵاس لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: "بەپێی ئەو ئەزموون و شارەزاییەی لەو بوارە هەیەتی كۆبوونەوەكانی عێراق و توركیا دەمێكە لەسەر ئاسی باڵا سەبارەت بە ئاو نەكراوە، ئەوەشی دەكرێت لەم دواییانەدا هەمووی لەسەر ئاستی تەكنیككارەكانە و نزمە".