Abdullah Özkul
03 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2022
نیغدە - AA
پارێزگای نیغدە باشووری ناوەڕاستی تورکیا، بەتەنها سەدا ٧٠ی پێداویستی تورکیا لە لۆبیای رەش بەرهەم دەهێنێت، لەئێستاشدا کۆکردنەوەی لۆبیای رەش لە نیغدە دەستی پێ کردووە.
پارێزگاری نیغدە، مستەفا کۆچ لە گوندی ئۆڤاجک بەشداری هەرەوەزی لێکردنەوەی لۆبیای رەشی کرد و لە میانی لێدوانێکیشیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە پارێزگای نیغدە لە بەرهەمهێنانی فاسۆلیا و لۆبیای رەشدا لەسەر ئاستی تورکیا پلەی یەکەمی هەیە و گوتیشی: "وەک هەمیشە پشتیوانی جووتیارەکانمانین. حکوومەت چ لە رێی دارایی و چ لە رێی دابینکردنی کەلوپەلەوە، هەمیشە یارمەتیدەری جووتیارانمانە. هیوای وەرزێکی بەرەکەتدار و پڕبەرهەم بۆ جووتیارانمان دەخوازم. تا بەرهەمی ئەوان زیاد بکات، پارێزگاکەمان زیاتر گەشە دەکات و تا پارێزگاکەشمان زیاتر گەشە بکات، وڵاتەکەمان زیاتر پێشدەکەوێت".
کۆچ ئاماژەی بەوەشدا کە خاکی نیغدە بۆ بەرهەمهێنانی پاقلەمەنییەکان گونجاوە و زیادبوونی نرخی کەلوپەلیش وای کردووە جووتیارانی پارێزگاکە زیاتر روو لە بەرهەمهێنانی لۆبیای رەش بکەن.
موختاری گوندی ئۆڤاجک، وەلی ئەرتوغ باسی لەوە کرد کە لە گوندەکەیاندا نزیکەی ٢٥ هەزار تۆن لۆبیای رەشیان بەرهەمهێناوە و گوتی: "ئەمساڵ تا رادەیەک بەرهەممان کەمی کردووە، بەڵام هەم فاسۆلیا و هەم لۆبیای رەش نرخەکانیان زۆر باشە، ئەمەش جووتیارەکانمانی خۆشحاڵ کردووە".
یەکێک لە جووتیارانی گوندەکەش بە ناوی مستەفا ئاکسۆی لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کرد کە لە ٨٠ دۆنمدا لۆبیای رەشی بەرهەمهێناوە و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە پارێزگاکانی دەوروبەریشەوە، بازرگانان بۆ کڕینی لۆبیای رەش دێنە نیغدە.