ھەولێر
وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی ھەرێمی كوردستان رێباز محەمەد حەملان ئاشکرای دەکات كه کاردەکەن بۆ ئەوەی پارەی نەوتی فرۆشراوی ھەرێم سهدا ١٠٠ بۆ ھەرێم بێ نەک تەنھا سهدا ١٧ی ھەڵبگرنەوە، دەشڵێ رێوشوێنی ئیداریی و رۆتینیی نێودەوڵەتی ماوە و پاش جەژن ئەو کارە تەواودەبێ.
رێباز محەمەد حەملان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرایکرد لە ئێستادا ھەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی سەرجەم پارەی ئەو نەوتەی ھەرێمی کوردستان رەوانەی بەندەری جەیھانی تورکی دەکا بۆ حکومەتی ھەرێم گل بدەنەوە پاش دەرھێنانی بڕە پارەی قەرزی کوێت و گوتی: "حکومەتی ھەرێم بە مافی خۆی دەزانێت سەرجەم پارەی نەوتی فرۆشراوی ھەرێم بۆ خۆی گلبداتەوە نەک تەنھا سهدا ١٧ی بۆ خۆی ببات، چونکە حکومەتی عێراق بە بڕینی بودجەی ھەرێم غەدرێکی گەورەی لە ھەرێم کردووە، بۆیە پاش جەژن رێوشوێنەکان تەواو دەبن و حکومەتی عێراقیش بەو کارە ئاگادارە."
وهزیری دارایی ههرێم ئەوەش ئاشکرا دەکات کە بەچارەسەرکردن یان نەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەرەتای ساڵی نوێوە بەھۆی ناردنی بڕی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەرێم لە رۆژێکدا بەشی ھەرە زۆری ئەو قەیرانە دارایییەی كه حەوت مانگە ھەرێم پێوەی دەناڵێنێ، کەم دەبێتەوە.
ئاشکراشی کرد حکومەتی ھەرێم بەنیازە قەرزی دەرەکی بکات، بەڵام ھێشتا بەرەسمی داوای قەرزی لەھیچ وڵاتێک نەکردووه و لهمبارهوه چەند وڵات و کۆمپانیایەکی دەرەکیش ئامادەیی خۆیان بۆ پێدانی قەرز بە حکومەتی ھەرێم نیشانداوە.
وەزیری دارایی حکومەتی ھەرێم رێباز محەمەد حەملان لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئانادۆڵو گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار موچە خۆر ھەیە و ژمارەیەک خەڵکیش ھەن کە دوو موچەیان ھەیە. حەوت مانگە حکومەتی عێراق بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕیوە کە دهبوایه مانگانە یەک تریلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار بنێرێ."
بۆ وردەکاریی و زانیاریی زیاتر پاش کەمێکی تر ئاژانسی ئانادۆڵو دەقی چاوپێکەوتنەکە بەتەواوی بڵاودەکاتەوە.