ھەولێر
بەپێی بڕیارێکی سعوودیە، رۆژی پێنج شەممە ٢٤ی ئەیلوول بکرێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان. دوابەدوای ئەوەش، وڵاتی میسریش بڕیاری دا، ئەم رۆژە ببێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان و ھەموو ساڵێک لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سعوودیە رۆژی جەژنی قوربان دیاری دەکرێت واتە ھەرکاتێک حاجیان بچن بۆ کێوی عەرەفە لە ھەرێمی کوردستانیش بۆ بەیانییەکەی دەکرێت بە جەژن.
ساڵانە بەر لە ھاتنی جەژنی قوربان، بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵ لە ھەرێمی کوردستان قەرەبالغییەکی زۆر بەخۆوە دەبینێت. ئەمساڵیش جموجوڵی بازاڕ دیارە بەڵام هەتا ئێستا خەڵک رووی تێ نەکردووە. ماوەی دوو سێ ساڵە بەھۆی قەیرانی شەڕ لە سووریا ئاژەڵێکی زۆر بۆ بازاڕەکانی کوردستان دێت و ئەمەش وای کردووە کە رۆژ بە رۆژ نرخی ئاژەڵ کەم ببێتەوە.
لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی ھەولێر حاجی محەمەد خەیلانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من ماوەی ١٥ ساڵە لەم بازاڕە کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکەم لەم چەند ساڵە نرخی ئاژەڵ زۆر ھاتووەتە خوارەوە و هەتا ئێستا کە کەمتر لە ١٠ ڕۆژ ماوە بۆ جەژنی قوربان، فرۆشی ئاژەڵ وەک رۆژێکی ئاساییە و ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵیش لە تورکیا و سووریا و ئێران بۆ مەیدانی ئاژەڵان دەھێنرێت و ھەموو ھیوای ئێمە بۆ رۆژانی نزیک جەژنە کە بازاڕ گەرم ببێتەوە".
ھەروەھا حاجی محەمەد گوتی: "نرخی ئاژەڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو گران نەبووە ھەرچەندە ھێشتا ئەم بازاڕە بە دراوی چاپی سویسڕی عێراقی کڕین و فرۆشتن دەکات ئەم نرخە کەمتر بووە بە جورێک نرخی ھەر ئاژەڵێک جیاوازە. واتە بە پارەی ئێستە یەک کیلۆ گۆشتی گای گەورە بە ٦٠٠٠ دینارە، گای بچوک ٦٧٥٠ تا ٧٠٠٠ دینارە، مەڕ بە ٤٠٠٠ و بزنیش بە ٤٠٠٠ ھەزار دینارە".
ھارس محەمەد ئاژەڵفرۆشێکی دیکەی مەیدانی ئاژەڵفرۆشانە کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لەو بازاڕە کار دەکات دەڵێت:"کڕین وەک ساڵانی رابردوو نییە ئەمساڵ خراپتریش بووە چۆنکە پارە نییە و هەتا ئێستا خەڵک رووی تێ نەکردووە و ئێمە زۆر هیوادار نین کە ئەمساڵ خەڵک بە گەرمی روو لەم مەیدانە بکات".
ھارس لەبارەی ھاتنی ئاژەڵێکی زۆر لە وڵاتانی دەورووبەر دەڵێـت: "ھەرچەندە ھاوردەی ئاژەڵ لە وڵاتانی ئیران، تورکیا و سووریا زۆرە و بووەتە ھۆی نزمبوونی نرخەکان بەڵام خەڵکێکی زۆریش ھەیە کە لەم کاتەدا مامەڵە و بازاڕی باشی پێ دەکات".
جەژنی قوربان، جەژنێکە تایبەتە بە ھەموو مسوڵمانان کە چوار رۆژە و مسوڵمانان گەردن ئازایی و جەژنە پیرۆزە لە یەکتری دەکەن و ھەروەھا لەم جەژنەدا زۆر خێر و قوربانی دەکرێت و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ داستانی حەزرەتی ئیبراهیم.
جەژنەکە رۆژێکی دیاری کراوە و دەکەوێتە رۆژێک دوای ٩ی زی الحجە کە حاجیان لەم رۆژەدا لە کێوی عەرەفە دەوەستن و گرنگترین پایەی ئەنجامدانی حەجە و ھەروەھا جیاوازیکەری نێوان حەج و عەمرەیە و بەگشتیی رۆژێکە دەکەوێتە ١٠ی زی الحجە بەردەوام دەبێت تا ١٣ی مانگ. لەم رۆژەدا مسوڵمانان بەیانییەکەی دەچن بۆ مزگەوت بۆ نوێژی جەژن و تەکبیر دەدەن.