کەرکوک
ئێستا وەزارەتی کارەبای عێراق تەنیا ١١ ھەزار مێگاوات کارەبا بۆ شارەکانی ئەو وڵاتە دابین دەکا.
وەزیری کارەبای عێراق ئەندازیار عەبدولکەریم عەفتان، لە کاتی کردنەوەی وێستگەیەکی غاز لە شارۆچکەی تازە- ١٥ کیلۆمەتر لە باشووری شاری کەرکوک، کە توانای دابینکردنی ٢٩٢ مێگاوات کارەبای ھەیە رایگەیاند: ھەوڵی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٦، بڕی وزەی کارەبای عێراق سێ قاتی ئێستا زیاد بکەن.
عەفتان گوتی:" وەزارەتەکەمان بەردەوامە لە زیادکردنی وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا، کۆتایی ئەمساڵ توانای وەزارەت دەگاتە دابینکردنی ١٣ ھەزار مێگاوات. ھەروەھا کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ بڕی کارەبای عێراق دەگاتە ١٨ مێگاوات. بەپێی ئەو بەرنامانەی دامانناون تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ دەیگەیەنینە ٣٠ ھەزار مێگاوات، ئەمەش دەرئەنجامی ھەوڵ و پلانەکانمانە."
لەبارەی بچڕانی رۆژانەی کارەبا، عەفتان روونکردنەوەیدا کە بەھۆی خراپی رەوشی کەش و ھەواوەیە.