ئەنقەرە ــ AA
ڕابەری باڵای ئێران ڕایگەیاند کە ئەگەر واشنتۆن ھێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
عەلی خامنەیی لە گوتارێکدا لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئیسرائیل و کە لەلایەن کەناڵی فەرمی ئێران بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوەدا کە ئێران لە شەڕی دژبە ئیسرائیل، سەرکەوتنی بەدەستھێناوە و گوتی: "دەسەڵاتی قەوارەی زایۆنی (ئیسرائیل) بەھۆی ھێرشەکانی ئیرانەوە، تێکشکاوە".
گوتیشی: "ڕژێمی ئەمریکا دەستوەردانی لە شەڕەکە کرد، بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕزگار بکات، چونکە ئەگەر ڕژێمی ئەمریکا ئەو کارەی نەکردایە، ئەوە قەوارەی زایۆنی بەتەواوی دەڕوخا".
ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا ھێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کە پێویستە لەسەر ئەو ھێرشە لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا بە ھێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ھیچ شتێکی گرنگی بەدەستنەھێناوە.
گوتیشی: "ئەگەر واشنتۆن ھێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج".